بەهۆی کەمکردنەوەی گازی ئێرانەوە، هەزار مێگاوات کارەبای عێراق کەمدەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بەهۆی کەمکردنەوەی ئەو بڕە گازەی کە لە ئێرانەوە دەنێردرێت بۆ عێراق، هەزار مێگاوات کارەبای عێراق کەمیکرد. دەشڵێت، "کارەبا لە وێستگەکانی باشوور و فوڕاتی ناوەڕاست کەمیکردووە و کاریگەریی لەسەر کاژێرەکانی پێدانی کارەبا دەبێت." ئەندامێکی لێژنەی کارەبای پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، "نابێت عێراق تا چەند ساڵی داهاتووش هەر پشت بە هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا ببەستێت و دەبێت سەربەخۆ بێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 21ـی ئایاری 2023، وەزارەتی کارەبای عێراق لە راگەیێندراوێکدا کەمبوونەوەی ئەو گازە سرووشتییەی راگەیاند کە بەهۆیەوە هەزار مێگاوات کارەبا لە وێستگەکانی باشوور و فوراتی ناوەڕاست کەمیکردووە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێران کەمکردنەوەی هەناردەی گازی بۆ وێستگەکانی کەنداوی بەسرە، روومەیلە، روومەیلەی وەبەرهێنان و نەجەف کە سەرجەمیان بە گاز کاردەکەن بۆ کێشەی تەکنیکی گەڕاندووەتەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق بەرپرسانی وەزارەتەکەی بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ وەزارەتی نەوت راسپاردووە بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەو بڕەی لەدەستچووە قەرەبوو بکرێتەوە، جگە لەوەش داوای لە هاووڵاتییان کردووە بەکارهێنانی کارەبا کەمبکەنەوە و رێگە لە بەفێڕۆچوون بگرن.
 
کاڤین شێخ سەعید، ئەندامی لێژنەی کارەبا لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی هاوردەکردنی گازی سرووشتی لە ئێرانەوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پشتبەستنی عێراق بە هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە نابێت درێژەبکێشێت، چونکە کاریگەریی لەسەر سەربەخۆیی بەرهەمهێنانی وزە هەیە کە یەکێکە لە دیارترین کەرتەکان و دەبێت عێراق هەوڵبدات بەزووترین کات بەرهەمهێنانی کارەبای زیادبکات.
 
بەگوێرەی خشتەى دابەشکاریی بودجەى وەزارەتەکان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتی دا، پشکی وەزارەتى کارەبا 17 تریلیۆن و 723 ملیار و 775 ملیۆن و 915 هەزار دینارە کە 11 ترلیۆن و 610 ملیار دینارى بۆ بەکارخستنە و 6.1 تریلیۆن دینارى بۆ وەبەرهێنانە. تێکڕاى پێویستى عێراق بۆ کارەبا 35 هەزار مێگاواتە، لەکاتێکدا 24  هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و نزیکەى 11 هەزار مێگاوات کورتهێنانى هەیە، سەرەڕاى ئەوەى وزەى کارەبا و گازى سرووشتى بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا لە کۆمارى ئیسلامیی ئێران دەکڕێت.