شاندێکی وەزارەتەکانی پێشمەرگە و شەهیدان سەردانی بەغدا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە بەمنزیکانە شاندێکی هاوبەشی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراون و پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن بۆ ئەوەی پێشمەرگە بریندارەکانی شەڕی داعش لە خوێندن لە زانکۆکانی عێراق بەبێ بەرامبەر سوودمەندبن. بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی شەهیدان دەڵێت، "شاندەکە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی دامەزراوەی شەهیدان دەکات."
رۆژی یەکشەممە، 21-5-2023، عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراون، لەبارەی سوودمەندبوونی ئەو پێشمەرگانەی برینداری شەڕی داعشن لە خوێندنی زانکۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی بەرپرسانی هەردوو وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراون و وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە، بڕیاردراوە بەمنزیکانە شاندێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەت سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ دامەزراوەی شەهیدانی عێراق کۆببنەوە بۆ ئەوەی پێشمەرگە بریندارەکانی شەڕی داعش سوودمەندبن لە خوێندنی زانکۆ لە زانکۆکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، دیالە، کەرکووک و ناوچەکانی دیکە و بتوانن خوێندن بەبێ بەرامبەر تەواوبکەن."
روونیشیکردەوە" ئێمە دەمانەوێت ئەو پێشمەرگانەی لەشەڕی داعش برینداربوون و ئارەزووی تەواوکردنی خوێندنی زانکۆیان هەیە لەو ناوچانە بتوانن سوودمەندبن".
لە دوای کۆنتڕۆڵکردنی شاری موسڵی سەنتەری پارێزگای نەینەوا لە 10ـی حوزەیرانی ساڵی 2014، لە ئابی ئەو ساڵەدا داعش هێرشیکردە سەر باشووری کوردستان و سەرەتا لە شنگالەوە دەستیپێکرد و دواتر لە شاری هەولێر نزیکبووەوە، بەوهۆیەوە و بۆ پاراستنی کوردستان، هێزەکانی پێشمەرگە رووبەڕوویان بوونەوە و نزیکەی دوو هەزار پێشمەرگە لەو شەڕاندەدا شەهیدبوون و زیاتر لە 5 هەزاریش بریندابوون.