رووداو دیجیتاڵ
زیادکردنی چەند مادەیەک بۆ پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی عێراق تاوتوێ دەکرێت، کە تایبەتن بە زیادکردنى داهات و هاوکاریکردنی هاووڵاتییان. ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، "ئەگەر هەیە 10 بۆ 15 مادەى دیکە زیاد بکرێن".
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ (21ـی ئایارى 2023)، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق تاوتوێى پێشنیازەکانى زیادکردنى چەند مادەیەک بۆ پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى دەکات کە لەلایەن فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتاران و ئەندامانى لیژنەى داراییەوە پێشکێش کراون.
پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى عێراق لە 67 ماددە پێکهاتووە، سیانیان تایبەتن بە پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان.
جەمال کۆچەر گوتیشی، "پێشنیازەکان زیاتر بە ئاڕاستەى زیادکردنى داهاتن لە رێگەى کەرتى کارەبا و باج؛ هەروەها هاوکاریکردن و کۆمەککردنى هاووڵاتییان، لەوانە دانانى سندووقێک بۆ قەرەبووکردنەوەى برینداران لە هێزە ئەمنییەکان. ئەگەر هەیە ژمارەى مادە زیادکراوەکان بگاتە 10 بۆ 15 مادە".
قەبارەى پارەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى عێراق 199 تریلیۆن دینارە، لەکاتێکدا داهاتەکەى زیاتر لە 134 تریلیۆن دینارە، بەمەش بڕى کورتهێنانەکەى زیاتر لە 65 تریلیۆن دینارە.
ئەندامەکەى لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەى بەوەدا؛ زیادکردنى ئەو مادانە بەستراوە بە تاوتوێکردنیان لەنێو لیژنەکەى.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەندامانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە لیژنەى دارایی تێبینیەکان لەبارەى پشکى هەرێمى کوردستان بدەنە ئەندامانى دیکەى لیژنەکە و لەبارەیەوە کۆبوونەوە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ