دوو چەکداری حەشدی عەشایەری لە نزیک بەغدا کوژران

رووداو دیجیتاڵ

لە هێرشێکدا لە باکوورى بەغداى پایتەختی عێراق، دوو چەکدارى حەشدی عەشایەرى سوننە کوژران و دووانى دیکەش بریندار بوون؛ بۆ ئاگاداربوون لە دۆخەکەش وەزیرى بەرگریى عێراق گەیشتە شوێنى ھێرشەکە.
 
شەوى رابردوو 20ى ئایار، لە سنووری قەزای تارمیەی باکووری بەغدا و لە هێرشێکدا دوو چەکداری حەشدی عەشایەری سوننە کوژران و دوو چەکداری دیکەش بریندار بوون. ئەرکی ئەو چەکدارانە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بوو؛ راگەیێندراوی فەرمی لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەوە نییە، بەڵام هەموو گومانەکان بۆ داعش دەچن. 
 
قەزاى تارمیە 55 کیلۆمەتر لە باکوورى بەغداوە دوورە و زۆرینەى دانیشتووانەکەى سوننەن.
 
ئەمڕۆ (21ـی ئایارى 2023)، وەزارەتى بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد عەباسی، وەزیرى بەرگریى عێراق سەردانى ناوچەى ئیبن سیناى قەزاى تارمیەى کردووە کە هێرشەکەى تێدا ئەنجامدراوە بۆ ئاگاداربوون لە وردەکارییەکانی.
 
کوژرانی ئەو دوو چەکدارەی حەشدی عەشایەری لەکاتێکدایە، لە 16ـی شوباتى 2023 لە رووبەڕووبوونەوەیەکى نێوان سوپاى عێراق و چەکدارانى داعشدا لە هەمان شوێن، ئەفسەرێکى سوپا و سێ چەکدارى داعش کوژران.