سەدر: رێگەدان بە هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازان و قەدەخەکردنی فرەژنی بۆ دژایەتیکردنی ئیسلامە
رووداو-هەولێر
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدری شیعە لە عێراق رایگەیاند، ئامانجی ئەو وڵاتانەی کە رێگە بە هاوسەرگیریی هاوڕەگەخوازان دەدەن و فرەژنییان قەدەخە کردووە، تەنیا "دژایەتیکردنی ئایینی ئیسلامە".
موقتەدا سەدر ئەمڕۆ شەممە 21.5.2022، لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند، "دوور لە ئایینە ئاسمانییەکان کە کەسانێک دانیان پێدانانێن و دەڵێن مێشکی مرۆڤ تاکە سەرچاوەیە بۆ یاسادانان. ئەگەر هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازان زیانی نییە و هیچ لێکەوتەیەکی ناتەندروستی نییە، خۆ بەدڵنیاییەوە هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازان لە دەرەوەی چوارچێوەی مێشکە و تەنیا لە حەزی سێکسییەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە پەیوەندیی سێکسیی نێوان هاوڕەگەزەکان منداڵ و خێزانی راستەقینەی لێناکەوێتەوە".
رێبەری رەوتی سەدر دەشڵێت، "ئەگەر ئێوە رێگەتان بە حەزی سێکسیی خۆتان داوە، باشە بۆچی دەتانەوێ هاوڕەگەزخوازی لە بوارەکانی ژیاندا بسەپێنن، وەکو بوارەکانی وەرزشی تۆپی پێ و ئابووری و کاروباری دیپلۆماسی؟ تەنانەت زۆر هەوڵدەدەن بەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عەرەب و موسڵمانانی بسەپێنن؛ لە رێگەی بە یاساییکردنی لە هەموو وڵاتان، ئەوەشی بە یاسایی نەکات دەڵێن دووژمنی ئازادی و شارستانی و پێشکەوتنە، بۆیە ئەگەر بنەماکە حەزی سێکسی بێت ئەوا فرەژنیش لە روانگەی ئەم حەزەوە ئاساییە ئیتر بۆ قەدەخەتان کردووە؟"
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەدا رێبەری رەوتی سەدر ئاماژە بەوە دەکات: "تەنیا ئامانجی ئەو وڵاتانەی کە رێگە بە هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازان دەدەن و فرەژنییان قەدەخە کردووە دژایەتیکردنی ئایینی ئیسلامە. لە کاتێکدا فرەژنی وەکو هاوسەرگیری هاوڕەگەزخوازان نییە، چونکە فرەژنی هیچی لە هاوسەرگیریی ئاسایی کەمتر نییە و لە نێوان هەردوو رەگەز دەکرێت، هەروەها خێزانی زیاتر و منداڵی لێدەکەوێتەوە. باشە چ روودەدات ئەگەر کەسانێک داوای رێگەدان بە هاوسەرگیری لە نێوان دایکان و خوشکان و برایان بدەن، چونکە ئازادییە؟"