باڵیۆزی فەرەنسا: زۆنگاوەکانی عێراق سیمبولێکی مەترسیداری گۆڕانی کەشوهەوایە

 
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا چووە یەکێکە لە ناوچە زۆنگاوەکانی باشووری عێراق. لەنێو یەکێک لەو بەلەمانەیەدا لە ناوچەی جبایش لە پارێزگای زیقار، بۆ ئەوەی پیسی و پاشماوەکانی نێو زۆنگاوەکە پاک بکەنەوە. 
 
ئەو کارە بەشێکە لە دەستپێشخەریی و پاڵپشتی دارایی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا کە بە هاوکاری رێکخراوێکی خۆجێی بەڕێوەدەچێت، ئامانجەکەی پاراستنی فرەیی ژینگەییە لەو ناوچە مێژووییەدا کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤ و گۆڕانی کەشوهەوا، هەڕەشەی لەنێوچوونی لەسەرە.
 
لەو چوارچێوەدا مانگانە دوو بۆ سێ جار ئەو بەلەمانە کە لە 10 کرێکار پێکهاتوون بەنێو زۆنگاوەکەدا دەسوڕێنەوە، بۆ هەڵگرتنەوەی پلاستیک و پاشماوەکان. 
 
ئيريک شۆڤاليێ، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "زۆنگاوەکانی عێراق بە داخەوە بوونەتە سیمبولێکی گۆڕانی کەشوهەوای مەترسیدار، هەڕەشەی راستەقینەی بۆ سیستمی ژینگە دروستکردووە، فرەیی ژینگەیی گرنگە." 
 
وێڕای گەڕانی بەلەمەکان، هەڵمەتێکی هۆشیاکردنەوەش لە ناوچەکەدا دەستیپێکردووە. 20 پۆستەر و تابلۆ بە زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی و فەرەنسی دانراون. هەڵمەتەکە راهێنانی ئەوانەش دەگرێتەوە کە بەلەمی گەشتیارەکان لێدەخوڕن.  
 
رەعد ئەسەدی، بەڕێوەبەری رێکخراوی جبایش بۆ گەشتوزاریی ژینگەیی گوتی، "ئامانجی پڕۆژەکە لابردنی پاشماوەی پلاستیکییە لەنێو زۆنگاوەکەدا، چونکە پاشماوە پلاستیکییەکان شیکردنەوەیان سەختە، مانەوەی لە ژینگەدا زیان بە فرەیی زیندەوەریی دەگەیێنێت." 
 
لەگەڵ ئەوەی ناوچەیەکی گرنگ و زیندووە، یەکێکە لە لانکەکانی شارستانی مرۆڤایەتی، بەڵام ناوچەی جبایش رووبەڕووی پیسبوون و وشکەساڵی بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و دانانی بەنداوی نوێ لەلایەن ئێران و تورکیاوە.
 
ناوچە زۆنگاوەکان، پێدەشتێکی ئاویین کە ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فوراتی تێدا کۆبووەتەوە، ساڵی 2016 خراوەتە نێو لیستی کەلەپووری جیهانی یونسکۆ.