بڕوانامەکەی مەشعان جبووری ساختەیە

21-05-2015
سەمیع زوبێر
نیشانەکردن مەشعان جبووری
A+ A-

رووداو ـ هەولێر

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە پەرلەمانی عێراقی راگەیاندووە، كاتێك مەشعان جبوری خۆی بۆ پەرلەمان كاندیدكردووە بڕوانامەی ساختەی پێشكەشكردووە، بەو پێیەی دەرچووی ئامادەییە لە سووریا.

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە نووسراوێكدا بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان رەتیكردەوە پشتگیری بڕوانامەی مەشعان جبوری بكات، چونكە وەزارەتی پەروەردە ـ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بڕوانامەكان بە نووسراوی ژمارە س 2 ــ 2101 سەلماندویەتی بڕوانامەی ئامادەیی گشتی سووریا ـ بەشی وێژەیی مەشعان جبووری دروست نییە و لەگەڵ تۆمارەكانی وەزارەتی پەروەردەی سووریا یەكناگرێتەوە (ساختەیە).

كۆمیسیۆنی باڵا لە راگەیەندراوەكەیدا بۆ پەرلەمانی عێراق كە سەربەست موستەفا، سەرۆكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان واژۆی كردوە دەڵێت "بەپشتبەستن بەو زانیاریانە و بەپێی ماددەی 52 ی دووەم لە دەستووری هەمیشەیی عێراق مەشعان رەكاز زامن جبوری مەرجەكانی پەرلەمانتاری لەدەستداوە و ئێستا پەرلەمان خاوەن دەسەڵاتە لە مانەوەو نەمانەوەی مەشعان وەكو پەرلەمانتار.

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان هەروەها دەڵێت "بەشی یاسایی كۆمیسیۆن راسپێردراوە بە جوڵاندنی ئەو كەیسەو سزادانی مەشعان جبوری بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی كۆمسیاران، وەكو ئاماژەیەك بۆ دەركردنی لە پەرلەمان و سزادانی بە بڕە پارەیەكی زۆر، لەبەرئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی نیسانی ساڵی رابردوو بە بڕوانامەی ساختە بەشداری هەڵبژاردنەكانی كردوە".

بە تاوانی دزینی پارەی كڕینی خواردەمەنی بۆ هێزە چەكدارەكان پێنج ساڵ پێش ئەمڕۆ دادگای عێراق 7 ساڵ زیندانی بەسەر مەشعان جبوری سەپاند، بەڵام بەرەو سووریا هەڵات و پێش هەڵبژاردنەكانی نیسانی ساڵی رابردوو لەرێگەی نوری مالیكی و هەندێك لە نزیكەكانی گەڕایەوە عێراق، بەبێ ئەوەی سزاكەی بەسەردا جێبەجێبكرێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە