داعش بە چەکی RPG گەنجێک دەکوژێت

21-05-2015
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن داعش
A+ A-
رووداو - ئاژانسەکان

گرتەیەکی نوێی ڤیدیۆیی چەکدارانی داعش بڵاودەکرێتەوە، کاتێک گەنجێک لە شاری شعێتات لە گوندەکانی دەوروبەری دێرەزور، لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی داعشەوە بە چەکی RPG  دەکوژرێت.

رۆژی پێنجەشەممە 21 ئایار، ماڵپەڕی "الرقە تژبح بصمت" گرتەیەكی ڤیدیۆیی كوشتنی گەنجێكی  بڵاوکردەوە، كە لەلایەن چەكدارانی داعش بە چەكی RPG دەكوژرێت لە گوندەکانی دەوروبەری دێرەزور  لە شاری شعێتات، بەتۆمەتی ئەوەی گەنجەكە دوو چەکداری داعشی بە هەمان چەك كوشتوون.

وەک لە گرتەکە دەردەکەوێت، چەکدارانی داعش ئەو گەنجەیان لە ستوونێک بەستووەتەوە، یەکێک لە چەکدارەکانی داعش پرسیار لەگەنجەکە دەکات، کە ناوی چییە و چەند کەسی لە چەکدارەکانی رێکخراوەکە کوشتوون، گەنجەکەش وەڵامی پرسیاری چەکدارەکەی داعش دەداتەوە و دەڵێت دوو چەکداری داعشی بە چەکی RPG کوشتوون. 

وەک تۆڵەکردنەوە لەو گەنجە، چەکدارەکەی داعش بە دووری50 مەترێک، بە چەکی RPG گەنجەکە دەکوژێت. وەك بڵاوكراوەتەوە، چەكدارەكەی داعش بە رەچەڵەك رووسییەو پێشتر لەلایەن ئینتەرپولەوە داواكراو بووە.

داعش وەک پاساوهێنانەوە بۆ کوشتنی دیلەکان، وەک لە رابردوودا پاساوی بۆ کوشتنی فڕۆکەوانە ئوردنییەکە بە "سووتاندن" هێنایەوە، بە پشتبەستن بە فەتوایەکی شەرعی ئیبن تەیمییە، کە ئاماژە بەوە دەدات "سووتاندن بە ئاگر دەکرێت بەهەمان شێوە بێت"، مەبەستیشیان لەوە ئەگەر ئەو بەئاگر ئەوانی سووتاندبێت، ئەوانیش دەتوانن بەهەمانشێوە ئەو بسووتێنن. بۆ شێوازی کوشتنی ئەو گەنجەش چەکی RPG بەکاردەهێنن، چونکە بە قسەی گەنجەکەو چەکدارانی داعش، دوو چەکدارەکەی داعش لەلایەن ئەو گەنجەوە بە چەکی RPG کوژراون.









کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە