وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: دروستکردنی 10 بەنداو لە هەرێمی کوردستان خراوەتە نێو بودجەی فیدراڵی

21-04-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، پلانی دروستکردنی 10 بەنداو لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی تەزووی کارەبا و ئاودێری، ئامادە کراوە و خراوەتە نێو بودجەی فیدراڵییەوە.
 
عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداودا لەبارەی هاوئاهەنگییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دروستکردنی بەنداوەکان گوتی، "هاوئاهەنگییەکی بێوێنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە. لەژێر رۆشنایی توێژینەوەی ستراتیژیی وەزارەتەکەمان بۆ پرسی ئاو و زەوییە کشتوکاڵییەکان، دروستکردنی زیاتر لە 10 بەنداو لە هەرێمی کوردستان دیاریکراوە کە بۆ بەرهەمهێنانی تەزووی کارەبا و ئاودێری بەکاردەهێندرێن. پلانی بەنداوەکانمان داڕشتووە و خستوومانەتە نێو بەرنامەی کاری وەزارەتەکەمان لە بودجەی فیدراڵی. هەروەها کارەکانمان بەردەوامن بۆ دیزاینکردن و دواتر جێبەجێکردنیان."
 
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتیشی، "بەهۆی بارانی ئەم دواییەوە دۆخی ئاو لە عێراق باشە؛ هەروەها نۆژەنکردنەوە و دروستکردنەوەی کۆگە ئاوییەکانی بەنداوەکان کاریگەریی ئەرێنیی هەبووە بۆ زیادکردنی ئاو و ئێستا لە قۆناخی دڵنیاکەرەوەداین لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ئاو بۆ وەرزی هاوین. سەرەتای ئەم ساڵ لە دۆخێکی سەختدا بووین بەهۆی کەمیی ئاو، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێستا دۆخی ئاومان باشە."
 
پەیامنێری رووداو پرسیاری ئەوەی لە وەزیرەکە کرد، "پلانتان هەیە بۆ زیادکردنی رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە نێوخۆییەکان؟" لە وەڵامدا گوتی، "نزیکەی دوو ساڵە هەنگاوی زۆر باشمان ناوە. پارساڵ زیاد لە پێویست بەروبوومی گەنممان هەبووە کە کۆی بەروبوومەکان زیاتر بوون لە 5.5 ملیۆن تۆن. پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ بەروبوومەکان زۆر لەمە زیاتر بێت. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە دۆخی کشتوکاڵی عێراق بەرەو باشبوون دەچێت. کەسانێک هەن پێچەوانەی ئەم راستییە دەوروژێنن، بەڵام وەکو گوتم، دۆخی کشتوکاڵ لە عێراق بەهۆی گرتنەبەری چەندین رێکاری زۆر جیدییەوە بەرەوپێشچوونی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیوە. ئێوەش دەزانن بەروبوومی برنج لە هاویندا پێویستی بە رێژەیەکی زۆری ئاو هەیە، بۆیە رووبەرەکانیان سنووردار دەکرێن. سەرباری سنووردارکردنیشی، بەڵام دیسان بەروبوومی زیاترمان دەبێت بەراورد بە ساڵانی پێشوو."
 
لە هەرێمی کوردستاندا، سێ بەنداوی گەورە و 20 بەنداوی بچووک و چەندین گۆم (پۆند) هەن، ئێستا لە بەنداوی دووکان دوو ملیار مەتر سێجا ئاو کۆگە کراوە، لە بەنداوی دەربەندیخان یەک ملیار و 500 ملیۆن مەتر سێجا و لە بەنداوی دهۆک 28 ملیۆن مەتر سێجا. 20 بەنداوە بچووکەکان، زیاتر لە 85 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدەدەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە