راپۆرتی توێکاریی تەرمی سەعد کەمبەش: بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە

21-04-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

راپۆرتی توێکاریی تەرمی سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووتری دیوانی وەقفی سوننە دەریدەخات کە ئەو کەسە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە. راپۆرتەکە باس لە مۆربوونەوەی چەندین شوێنی جەستەی و ئاماژەی بۆ شکانی بەشێک لە پەراسووی 12یەمیشی کردووە.
 
بەپێی راپۆرتی توێکاریی تەرمی سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووتری دیوانی وەقفی سوننە کە دوێنێ لە شاری موسڵ دوای چەند خولەکێک لە دەستگیرکردنەوەی مردنیشی راگەیێندرا، چەندین شوێنی جەستەی مۆربووەتەوە.
 
بەپێی راپۆرتەکە کاژێر 6:20 خولەکی ئێوارەی رۆژی 20-4-2023 تەرمەکە گەیشتووەتە نەخۆشخانە بۆ توێکاری و کاژێر 6:25ـی تەرمەکەش بینراوە.
 
لە راپۆرتەکەدا ئەم خاڵانە هەیە: 
 
- مۆربوونەوەی شێوەناڕێک لە چەناگەی کە دوو بۆ سێ سانتیمەتر دەبێت و ئەوەش پێش 24 کاژێر دروستبووە.
 
- مۆربوونەوە لای چەپی سنگی کە دوو بۆ سێ سانتیمەتر دەبێت؛ کەمتر لە 24 کاژێر دروستبووە.
 
- مۆربوونەوەیەک لەسەر دەستی راستی کە نزیکەی نیو سانتیمەتر بۆ یەک سانتیمەتر دەبێت و کەمتر لە 24 کاژێرە دروستبووە.
 
- مۆربوونەی رانی راستی کە 3 سانتیمەتر بۆ 4 سانتیمەتر دەبێت و ماوەی سێ بۆ پێنج رۆژ دەبێت دروستبووە.
 
- مۆربوونەوە لە خوار نێوەڕاستی سنگی کە یەک بۆ دوو سانتیمەتر دەبێت و کەمتر لە 24 کاژێرە دروستبووە.
 
- هیچ خوێنبەربوونێکی نییە؛ دەمارەکانی دڵی رەق بوون؛ جەڵتەیەکی پێشووی دڵی هەبووە و نموونە بۆ پشکنین نێردراوە بۆ دڵنیابوونەوە لە روودانی جەڵتەی نوێ.
 
- ئاوسانی هەردوو گورچیلکەی هەیە و نموونەی بۆ پشکنین نێردراوە.
 
- بەشێکی پەراسووی ژمارە 12ـی لەلای چەپی شکاوە کە تووشی خوێنبەربوونی نەکردووە و زیانی بە بەشی ناوەوەی جەستەی نەگەیاندووە.
 
- جگەری ئاوساوە
 
وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە نوێترین راپۆرتیدا لەبارەی راپۆرتەکەی دادپزیشکی و توێکاریی تەرمی سەعد کەمبەشەوە دەڵێت، "راپۆرتی دادپزیشکی توێکاری دەریدەخات کە زوو جەڵتە لە ماسوولکەی دڵی داوە و دەمارەکانی دڵیشی رەقبوون. نموونەیەک لە شانەکانی دڵ نێردراوە بۆ پشکنین بۆ دڵنیابوونەوە لە هەر جەڵتەیەکی نوێ. توێکارییەکە دەریدەخات کۆبوونەوەی شلەمەنی لە هەردوو گورچیلەیدا هەیە. هیچ شوێنەوارێکی خوێنبەربوون لە مێشک یان شکان لە کەللەی سەری نەبووە."
 
هەروەها دەڵێت، "مۆربوونەوەی جەستە هەیە کە بەهۆی گواستنەوەی تەرمەکە و رێکارەکانی کارمەندانی پزیشکی بووە لە رێڕەوی فریاکەوتن کە لەوێ بوژانەوەی دڵ و گورچیلە کراوە لەگەڵ هەناسەدانی دەستکرد و گوشارخستنە سەر سنگ و ئەوەش بۆ هەموو کەسێک دەکرێت کە تازە مردبێت و بگاتە نەخۆشخانە."
 
کاژێر 11:00ـی شەوی 18ـی ئەم مانگە سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووتری دیوانی وەقفی سوننەی عێراق لە گرتووخانەکەی لە بنکەی پۆلیسی کەڕادی بەغدا هەڵات، ئەوەش دوای حەوت رۆژ لە دەرچوونی بڕیاری دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە زیندانیکردنی کەمبەش بۆ ماوەی چوار ساڵ بەهۆی تێوەگلانی لە پرسی کڕینی هۆتێلێک لە شاری هەولێر کە دەستەی دەستپاکی گەندەڵیکردنی تێدا یەکلایی کردبووەوە.
 
رۆژی 18ـى نیسانى 2023، سەعد کەمبەش لە بنکەی پۆلیسی کەڕادە لە بەغدا رایکرد. وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاریدا بە دەستبەسەرکردنی سێ ئەفسەرى وەزارەتەکەى لەسەر ئەو دۆسیەیە.
 
21ـى ئادارى 2023، سەعد کەمبەش لە پارێزگاى دیالە دەستگیرکرا و 12ـى نیسان دەستەى دەستپاکیى عێراق ئاشکرایکرد کە دادگەى ناوەندى رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیى عێراق بەشێوەى ئامادە نەبوون، سەعید کەمبەشى بە چوار ساڵ بەندکردن سزاداوە. یەکێک لەو تۆمەتانەى کە بەهۆیەوە سەعد کەمبەش سزادرا، گرێبەستى کڕینى هۆتێل رامادایە لە هەولێر.
 
سەعد کەمبەش کەسایەتییەکى سوننەى عێراق بوو و لە ساڵانى 2020 بۆ 2022 سەرۆکى دیوانى وەقفى سوننە بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە