وەزارەتی دەرەوەی عێراق: دوو کەس لە ئیستەنبووڵ بە کڵاشینکۆڤ تەقەیان لە کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەمان کرد

لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی عێراق
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی عێراق زانیاریی لەبارەی هێرشکردنە سەر کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەی لە ئیستەنبووڵ بڵاوکردەوە و دەڵێت، دوو کەس بە سواری ماتۆڕسکیل 8 جار تەقەیان کردووە و هەڵاتوون.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەی لە ئیستەنبووڵ بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەمشەو دوو کەسی نەناسراو بە ماتۆڕسکیل و بە بەکارهێنانی کڵاشینکۆڤ تەقەیان لە باڵەخانەی کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەمان لە ئیستەنبووڵ کرد و هەڵاتن. تەقەکەرەکان 8 گوللـەیان بە باڵەخانەکەوە ناوە."

بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، "راستەوخۆ دوای رووداوەکە، کۆنسووڵ و کارمەندانی کۆنسووڵخانەکەمان خۆیان گەیاندە شوێنی رووداوەکە. هێزە ئەمنییەکانی تورکیاش دەستبەجێ تەواوی رێگەکانی چوون و هاتنیان بۆ کۆنسووڵخانەکە داخست، لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان و رێوشوێنە ئەمنییەکانیان بە ئامادەبوونی کارمەندانی کۆنسووڵخانەکەمان گرتەبەر."

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەزارەتەکەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا لەسەر هێڵە بۆ ئاگاداربوون و وەرگرتنی زانیاریی نوێ لەبارەی هێرشەکە؛ سوپاسی بەدەمەوەهاتنی خێرا و بەپەلەی هێزە ئەمنییەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی تووندیان بۆ پاراستنی گیان و سەلامەتیی کارمەندانمان دەکەین."

وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی کردووەتەوە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەرکی حکومەتی تورکیایە نێردە دیپلۆماسییەکان بپارێزێت و رێوشوێنی ئەمنیی تووندوتۆڵ بگرێتەبەر. 

ئاسایشی ئیستەنبووڵ دەڵێت، لە هێرشەکەدا زیانی گیانی نەبووە و کەس بریندار نەبووە؛ هێزی تایبەتیان بۆ پاراستنی کۆنسووڵخانەکە و تەواوی نێردە دیپلۆماسییەکانی دیکە ناردووە.