رووداو دیجیتاڵ
دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەڵێت، دوو چەکداری داعشیان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و سەلاحەدین دەستگیر کردوون. گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمیش دەڵێت، داواکراوەکەی سنووری سلێمانی لەلایەن دژەتیرۆری عێراقەوە داواکراو بووە و رادەستیان کردووە.
ئەمڕۆ هەینی 21ی ئاداری 2025 دەزگای دژەتیرۆری عێراق بڵاویکردەوە، "بە پشتبەستن بە زانیارییەکان و بە هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، توانرا تیرۆریستێک لە پارێزگای سلێمانی دەستگیر بکرێت، کە پلە و پۆستی سەربازیی لە ویلایەتی فەللوجە هەبوو."
عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە رووداوی گوت، "دەستگیرکراوەکە لەدایکبووی 1970 و خەڵکی بەغدا بوو، لەلایەن دەزگای دژەتیرۆری عێراقەوە داواکراو بوو، لە سنووری پارێزگای سلێمانی خۆی حەشاردابوو؛ هێزەکانمان دەستگیریان کرد و رادەستی دژەتیرۆری عێراق کرا."
لەبارەی تۆمەتبارەکەی دیکەوە، دژەتیرۆری عێراق دەڵێت، "بە هاوئاهەنگیی دەزگای هەواڵگری و کاروباری فیدراڵی، تیرۆریستێکی دیکە لە پارێزگای سەلاحەدین دەستگیرکرا، کە پلەی سەربازیی لە ویلایەتی کەرکووک هەبوو."
بەگوێرەی دژەتیرۆری عێراق، لە سنوورەکانی کەرکووک و سەلاحەدینیش 6 مۆڵگە و تونێلی چەکدارانی داعش خاپوور کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ