چوارچێوەی هاوئاهەنگی: بە رێزەوە لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی دەڕوانین

رووداو دیجیتاڵ

چوارچێوەی هاوئاهەنگی پابەندبوونی بە بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی راگەیاند و داوا دەکات سەرجەم هێزەکانی عێراق بە بڕیارەکانی دادگەکە پابەند بن، نیگەرانیی خۆشی لەو هێرشانە نیشان دا کە دەکرێنە سەر دادگەکە و سەرۆکەکەی، گوتەبێژی هاوپەیمانێتییەکی نێو چوارچێوەکەش دەڵێت: "ماوەیەکە هەستدەکرێت بەمەبەست لە شکۆ و بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵی دەدرێت."
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە گردبوونەوەیەکی زۆربەی لایەنە شیعەکانی پێکهێنەری حکومەتی عێراقە، جگە لە رەوتی سەدر، راگەیێندراوێکی لەبارەی دادگەی فیدراڵی و بڕیارەکانییەوە دەرکرد و دەڵێت "لەپێناو پاراستنی هاوسەنگیی دەستووری لە دروستکردنی بڕیارەکان و میکانیزمەکانی جێبەجێکردن و چاودێری، جەخت لە گرنگیی پابەندبوون بە پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکدی و درێژنەبوونەوەی هیچ دەسەڵاتێک لەسەر ئەوانی دیکە دەکەینەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەیدا ئەو گردبوونەوە سیاسییەی شیعەکان دەشڵێت"بەڕێزەوە تەماشای دادگەی باڵای فیدراڵی و سەرۆکەکەی، جاسم عومێری دەکەین و رێز لە بڕیارەکانی دەگرین و نابێت لە بەهاکانی کەمبکرێتەوە."
 
چوارچێوەکە باسی لەوەشکردووە ئەوان لە رابردوودا بە بڕیارەکانی ئەو دادگەیەوە پابەندبوون، هەرچەندە بەپێی راگەیێندراوەکە بەشێکی بڕیارەکانی لە بەرژەوەندیی ئەواندا نەبووە.
 
سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسری حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، لەبارەی راگەیێندراوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ماوەیەکە هێرشەکان بۆ سەر دادگەی فیدراڵی و سەرۆکەکەی زیادیان کردووە و سەرۆکەکەی بە ئەندامیێتی لە رێکخراوێکی سیاسی تۆمەتبار دەکرێت، دەبێت هێرشەکان رابگیرێن و ئەو ناوزڕاندنەی هەیە، کۆتایی بێت." گوتیشی" ماوەیەکە کردنە ئامانجی دادگەکە و سەرۆکەکەی بەمەبەست زیادیکردووە."
 
ئەو راگەیێندراوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوای ئەوە دێت؛ ماوەیەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانیەوە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بە"سیاسیکراو" ناودەهێندرێن، دوای ئەو ژمارە بڕیارەی لە دژی هەرێمی کوردستان دەریکردن.
 
هەروەها رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە، مەشعان جبووری، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند بەهۆی چوونە نێو هاوپەیمانیێتی لەگەڵ رەوتی سەدر و پارتی و لایەنە سوننەکانەوە، سەرۆکی دادگەی فیدراڵی هەڕەشەی وەرگرتنەوەی ئەندامیێتی لێکردووە.
 
دوێنێ (چوارشەممە، 20ـی ئاداری 2024) دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق راگەیاند، بەهۆى بڕیارەکانیەوە، رووبەڕووى ھێرشێکى راگەیاندنى ناوخۆیی و دەرەکى بووەتەوە، ئەو هێرشانەی بە سیاسی ناو برد و رایگەیاند، "دەبێت رێوشوێنى یاسایی لەدژیان بگیرێتەبەر."
 
رۆژی 21ـی شوباتى 2021، دادگەى فیدیاڵیی عێراق بڕیاری دا، 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانى کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە و بەغدا و هەولێر ناچار بکات مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە بانکى بکرێت و لیستى مووچە رادەستى وەزارەتى دارایی فیدراڵى بکرێت تاوەکو وردبینى بکرێت.
 
ئەو دوو بڕیارە کاردانەوەى لێکەوتەوە و 18ـی ئادار، پارتى دیموکراتى کوردستان راگەیاند، کە بەشدارى هەڵبژاردن ناکات و گوتی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، درێژەی ئەو زنجیرە بڕیارە نادەستووریانەیە، کە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دراون و پێشێلكارییەکی زەق و مەترسیداری دەستوورە.
 
پێش ئەوەش رۆژی 12ـی ئادارى 2024، عەبدولرەحمان سلێمان زێباری، ئەندامى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا لە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی هەرێمى کوردستان لە هەولێر، کشانەوەى لە پۆستەکەی لە دادگەی باڵای فیدراڵی راگەیاند.
 
ئەو دادوەرە هۆکاری کشانەوەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە "ویستێک لە بڕیارە یەک لەدواى یەکەکانى دادگەى فیدراڵى هەیە، بۆ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتى ناوەندیێتى و دوورکەوتنەوە لە بنەماى فیدراڵ لە رێگەى فراوانکردنى دەسەڵاتى تایبەتمەندى فیدراڵى لەسەر حیسابی دەسەڵاتى هەرێمەکان یان دەسەڵاتە هاوبەشەکان."