سەرۆکى پێشووى وەقفى سوننە بەهۆی دۆسیەی هۆتێلەکەی هەولێر دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى پێشووى وەقفى سوننەی عێراق لەسەر چەند پرسێکى پەیوەندیدار بە گەندەڵى دەستگیرکرا، کە یەکێکیان دۆسیەى گرێبەستى کڕینى هۆتێلێکە لە شاری هەولێرە.
دەستەى دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە بڕیارى دادگەى لێکۆڵینەوەى کەرخى تایبەت بە دۆسیەکانى دەستپاکى، ئەمڕۆ سێشەممە 21-3-2023 سەعد کەمبەش، سەرۆکى پێشووى وەقفی سوننەی عێراق لەسەر چەند دۆسیەیەک دەستگیرکرا.
بەگوێرەى دەستەى دەستپاکیى عێراق، یەکێک لەو دۆسیانە پەیوەندارە بە کڕینى هۆتێل رامادا بە 47 ملیار دینار.
رۆژی 20ى ئەیلوولی 2022، فەرمانگەى لێکۆڵینەوەى دەستەى دەستپاکیى عێراق، فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ سەعد کەمبەش و دوو بەرپرسی دیکەى وەقفى سوننە ئاراستەى ئەو وەقفە کرد لەسەر هەمان دۆسیە.
رۆژی 27ى شوباتى 2023، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردن و سزادانی دوو بەرپرسی دیکەى وەقفی سوننە لەسەر گرێبەستى کڕینى ئەو هۆتێلە دەرکرد.
هەروەها دەستەی دەستپاکیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 9-3-2023 رایگەیاند، دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای چوار ساڵ زیندانیی بەسەر جێگری بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی بەڕێوەبردن و وەبەرهێنان لە وەقفی سوننە دەرکردووە.
هۆکاری سزادانی ئەو بەرپرسە، وەک دەستەکە ئاماژەی پێکردبوو ئەوەیە کە ئەو کەسە "گوشاری خستووەتە سەر فەرمانبەرانی فەرمانگەکەی بە مەبەستی تەواوکردنی رێوشوێنەکانی کڕین و فرۆشتنی هۆتێل رامادا لە هەرێمی کوردستان."
هەر بەپێی دەستەی دەستپاکیی عێراق، سێ ژمێریاری وەقفەکە هەر یەکەیان بە یەک ساڵ بەندکردن سزا دراون، بەهۆی ئەوەی بە پێچەوانەی رێنماییەکان بەڵگەنامەی کڕینی هۆتێلەکەیان واژۆ کردووە.
ئەو کەسانە بەپێی مادە 331 لە یاسای سزادانی عێراق کە تایبەتە بە کەمتەرخەمی لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکان و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی و تایبەت سزادراون، بەڵام دادگەکە بڕیاری داوە سزای یەکێک لە سزادراوان رابگیرێت.