یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا: بۆ کردنەوەی کونسوڵخانە لە موسڵ فەرەنسییەکان دوو ساڵە هاتووچۆ دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، دواکەوتنی کردنەوەی کونسوڵخانەی فەرەنسا لە شاری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا پەیوەندیی بە رێکارەکانی حکومەتیی ناوەند و حکومەتی خۆجێی پارێزگاکەوە نییە.
 
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا، رۆژی دووشەممە، 20-3-2023 لەبارەی هۆکارەکانی نەکردنەوەی کونسوڵخانەکە تائێستا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دەبووایە ساڵی 2022 کونسوڵخانەی فەرەنسا لە شاری موسڵ بکرێتەوە، بەڵام چونکە چەند جارێک بەهۆکاری ئەمنی شوێنەکەیان گۆڕی، کردنەوەی کونسوڵخانەکە دواکەوتووە".
 
بەگوتەی رەفعەت سمۆ، فەرەنسییەکان دوو ساڵ دەبێت بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەکەیان هاتووچۆ و سەردانی موسڵ دەکەن، سەرەتا داوایانکرد شوێنەکە نزیکی باڵەخانەی پارێزگا بێت لە گەڕەکی فەلاح، دواتر شوێنێکی دیکەیان دەستنیشانکرد و تائێستاش نەکراوەتەوە.
 
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا گوتی "نەکردنەوەی کونسوڵخانەکە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، رێکارەکان لە حکومەتی خۆجێی پارێزگا تەواو بوون و ئێستا چاوەڕوانی باڵیۆزخانەی فەرەنسا و وەزارەتی دەرەوە دەکەین شوێنەکە دیاری بکەن و دەست بە کارەکانیان بکەن".
 
سەبارەت بە داواکاریی وڵاتانی دیکەوە بۆ کردنەوەی کونسوڵخانە لە شاری موسڵ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا گوتی: "جگە لە فەرەنسا، حکومەتی دانمارکیش لە بەغدا و لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەیان داواکاریی پێشکێشکردووە، بەڵام هێشتا رێکارەکان ماون".
 
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رۆژی پێنجشەممە، 31ـی ئاداری 2022، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند لە سەردانەکەی کۆتایی مانگی ئابی 2021یدا بۆ عێراق، ئیمانویل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند کردنەوەی کونسوڵخانەیەکی گشتیی فەرەنسا لە موسڵ و ناوچەکە نزیکە.
 
لەو راگەیێندراوەدا ئەوەش ئاشکراکراوە سەرەتا ستافی کونسوڵخانەکە لە بەغدا کارەکانیان دەکەن، دواتر ئەرکێکی تەواو رێکخراو لە موسڵ جێبەجێدەکەن و بەشێوەیەکی بەردەوام لە ساڵی 2023 لەوێ دەبن و لە موسڵ جێگیردەبن.
 
فەرەنسا باڵیۆزخانەى لە شاری بەغدا و کونسوڵخانەى لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان هەیە، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوەى ئەو وڵاتە، 254 هاووڵاتى فەرەنسا لە عێراقن و 3900 هاووڵاتى عێراقیش لە فەرەنسا دەژین.
 
لە حوزەیرانی 2014 چەکدارانی داعش پەلاماری شاری موسڵیان دا و داگیریان کرد، ئەو کات لە موسڵ تەنیا کونسوڵخانەی تورکیا لە شارەکەدا هەبوو، ستافی کونسوڵخانەکە لەلایەن داعشەوە دەستبەسەرکران، دواتر تورکیا رایگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی و هەواڵگریدا توانیویانە ستافی کونسوڵخانەکە ئازاد بکەن.
 
دوای کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لە ساڵی 2017، تورکیا کونسوڵخانەکەی لە شاری موسڵ کردەوە، هەروەها فنلەنداش کونسوڵخانەی فەخریی لە شارەکەدا کردووەتەوە.