رووداو دیجیتاڵ
حەشدی شەعبی هەندێک جۆری جلوبەرگ، رەنگ و ستایل لە ئەندامانی قەدەخە دەکات و دەڵێت: "پیاوان نابێت پێڵاوی بێ گۆرەوی لەپێ بکەن و پرچیان بەشێوازی رۆژئاواییانە بتاشن"، هەروەها رێنمایی بۆ ئافرەتانیش دەرکردووە لەوەی نابێت هەموو رەنگێک لەبەربکەن و میکیاژی تۆخ بکەن، هەروەها وێنەگرتن بە مۆبایل قەدەخە دەکات.
دەستەی حەشدی شەعبی بەپێی نووسراوی ژمارە 134 کە رۆژی 20ی ئاداری 2022 دەرچووە چەند بڕیارێکی بۆ ئەندامانی گشتاندووە و بەپێی نووسراوەکە، کە لەرۆژی 22ی ئادارەوە جێبەجێ دەکرێت، ئەم شتانەی خوارەوەی لە پیاوان قەدەخە کردووە:
1- لەبەرکردنی پانتۆڵی جینز و کراسی خەتخەت.
2- لەبەرکردنی ئەو جلانەی کە ئاڵا و نووسینی بیانیان لەسەرە.
3- سەرتاشین بەشێوازی رۆژئاوایی.
4- نابێت پێڵاو بەبێ گۆرەوی لەپێبکرێت.
5- نابێت تاتۆی زەق دەربکەوێت.
6- پابەندبوون بە لەبەرکردنی ئەم جۆرە جلانەوە؛ رەنگی سپی، ئاسمانی، رەش، شین و قاوەیی.
7- هەرچی پەیوەندیی بە بەشەکانی ئاسایش، دیزاین، لوجستی، چاککردنەوەوە هەیە دەبێت بەدیاریکراوی جلوبەرگی سەربازی بپۆشن
ئەوەشی بۆ ئافرەتان لەنێو دامەزراوەکانی حەشدی شەعبی و بۆ ئەندامانی قەدەخەیە ئەمانەن:
1- لەبەرکردنی جلی تەسک بەهەموو جۆر و رەنگە زەقەکانییەوە.
2- میکیاژی تۆخ.
3-لەبەرکردنی ئەو جلانەی کە ئاڵا و نووسینی بیانییان لەسەرە.
4-پابەندبوون بە لەبەرکردنی ئەو جلانەی ئەم رەنگانەیان هەیە؛ سپی، نیلی، قاوەیی، رەش، ئاسمانی.
حەشدی شەعبی، لە ساڵی 2014 و بە فەتوای عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە، بۆ شەڕی دژی داعش دروست بووە. حەشدی شەعبی لە نزیکەی 70 گرووپ پێکدێت و ژمارەیان بە 196 هەزار چەکدار دەخەمڵێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ