داوا لە ئەمریکا دەکرێت وێنەی زیندانی ئەبوغرێب بڵاوبکاتەوە

21-03-2015
نیشانەکردن ئەبوغرێب
A+ A-

 رووداو - هەولێر

دادوەرێکی ئەمریکی فەرمانیداوە، حکومەتی ئەمریکا دەبێت ئەو وێنانە بڵاوبکاتەوە کە چۆنێتی رەوشی زیندانییەکانی زیندانی ئەبوغرێب پێشاندەدات.

دادوەر ئالڤین هەلەرستین، ئاماژە بەوە دەکات، ئەم فەرمانە هەتا ٦٠ رۆژی دیکە کاری پێناکرێت، لەبەر ئەوە دەبێت ماوە بە وەزراتی بەرگری بدەن سکاڵای خۆیان لەسەر ئەو بڕیارەی دادگا دەرببڕێت.

بڕیارەکەی دادگا، وەکو سەرکەوتنی یەکێتی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمریکا لەقەڵەم دەدرێت، کە لە ساڵی ٢٠٠٤دا داوایەکیان ئاراستەی حکومەت کردبوو سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی وێنەکانی زیندانی ئەبوغرێب.

جەمیل جەعفەر، جێگری بەڕێوەبەری یاسایی ئەو یەکێتییە ئاماژە بەوە دەکات، بڵاوبوونەوەی ئەو وێنانە رۆڵێکی سەرەکییان هەیە لەوەی بزانین چی لە نێو زیندانە سەربازییەکانی سوپای ئەمریکادا دەگوزەرێت و هەروەها تێگەیشتنێکی باشتریشمان دەبێت سەبارەت بەو گومانانەی لەسەردەمی سەرۆکایەتی جۆر ج دەبلو بوش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکادا خرانەڕوو.

 وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، بڵاوکردنەوەی ئەم وێنانە ژیان و ئاسایشی سەربازانی سوپای ئەمریکی دەخاتە مەترسییەوە، دادوەر هەلەرستین ئەمە بە وەڵامێکی گونجاو نازانێت بۆ داواکارییەکەی یەکێتی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمریکا.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ٢ هەزار و سەد وێنەی ئەم زیندانە لە ساڵی ٢٠٠٩دا بڵاوکراونەتەوە، کە هەندێکیان وێنەی ئاسایین، بەڵام وێنەکانی دیکە پێویستیان بە لێپرسینەوە و بەدواداچوونی زیاتر هەیە.

 یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٥، دادوەر هەلەرستین داوای وێنەکانی ئەبوغرێبی کردبوو، وەزارەتی بەرگری نارەزایەتی خۆی بەرامبەر ئەو بڕیارە دەربڕیبوو، دواتر کۆنگرێس یاسایەکی دەرکرد، کە تێیدا رێگەی بە وەزیری بەرگری دەدا، هەر وێنەیەک بگێڕێتەوە، کە مەترسی بۆ سەر ژیان و ئاسایشی سەربازانی ئەمریکی دروستدەکات.

هەلەرستین لەسەر ئەو بڕوایەیە وەزارەتی بەرگری بەبێ پێداچوونەوە بە وێنەکان، هەموو وێنەکانی شاردووەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە