رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، وەزیری دەرەوەی سووریایان بانگهێشت کردووە بۆ سەردانکردنی بەغدا و تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی هاوبەش.
ئەمڕۆ هەینی 21ـی شوباتی 2025 نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "بە فەرمی بانگهێشتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریامان کردووە بۆ سەردانیکردنی عێراق، ئەوەش بەمەبەستی تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی هاوبەش و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات."
بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوە، لە داهاتوودا رۆژی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی سووریا دیاری دەکرێت.
هەر ئەمڕۆ، عەباس جبووری، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "بڕیاربوو وەزیری دەرەوەی سووریا رۆژی پێنجشەممە سەردانی بەغدا بکات، بەڵام سەردانەکە دواخرا و هۆکارەکەش نەزانراوە."
رۆژی 15ی ئەم مانگە دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بانگهێشت کراوە بۆ هەولێر و ئەویش بە خۆشحاڵییەوە بانگهێشتەکەی قبووڵ کردووە."
21ی کانوونی یەکەمی 2024 ئەسعەد شەیبانی تەمەن 37 ساڵ و لەدایکبووی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان وەکو وەزیری دەرەوەی سووریا دەستنیشان کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ