ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەکشێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دەکشێتەوە و بەربژێکی یەدەک شوێنەکەی دەگرێتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، د. فارس بریفکانی، بەربژێری دەرچووی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەکشێتەوە و جەمال شەشۆ شوێنەکەی دەگرێتەوە.
 
بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ رووداو، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو گۆڕانکارییە بۆ رازیکردنی دەنگدەرانی پارتییە لە شنگال کە لە 17 بەربژێری حیزبەکە لەو شارە، هیچ یەکێکیان دەنگی پێویستیان نەهێنا. 
 
د. فارس بریفکانی دوو خوول پەرلەمانتاری عێراق بوو لە فراکسیۆنی پارتی، بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، پارتی چاوی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بوو، بۆ ئەوەش د. فارس بریفکانی بەربژێر کرابوو، بەڵام دوای ئەوەی پۆستەکە بە پارتی نەدرا، بڕیار درا شوێنی ئەو بەربژێرە دەرچووەی پارتی بە یەکێکی دیکە بدرێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، سبەی پێنجشەممە، 22-02-2024، بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەنگ لەسەر ئەو گۆڕانکارییە بدرێت و جەمال شەشۆ لە شوێنی د. فارس بریفکانی ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا. جەمال شەشۆ بە رووداوی گوت، ئاگادار کراوەتەوە کە دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بەڵام کاتی سوێند خواردنەکەی ئاشکرا نەکرد.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا چوار کورسی بەدەستهێناوە.