ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا کۆنسوڵخانەی عێراق لە دیلۆکەوە بۆ مێرسین بگوازێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دیلۆکەوە بۆ مێرسین بگوازێتەوە و ژمارەیەک بڕیاریشی بۆ هەڵسەنگاندنی کاری وەزیر و بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان دەرکرد. 
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی سێشەممە 21-02-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد و تێیدا دوایین پێشهاتەکانی وڵات و ژمارەیەک پرسی سەرەکی نێو بەرنامەی حکومەت و کارنامەی دانیشتنەکە تاوتوێکران و چەندین بڕیار و راسپاردە دەرکران.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆی لەبارەی هەڵسەنگاندنی کاری وەزیر و بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان کرد و سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە، هەڵسەنگاندن لەسەر بنەمای ئەنجامی رێکارەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت دەبێت و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش ئەم بڕیارانەی دا: 
 
1- هەموو وەزارەتەکان پابەندبن لەکاتی دیاریکراودا داتاکان رەوانە بکەن.
 
2- پابەندبوونی وەزارەتەکانی نەوت، بازرگانی، پەروەردە، داد، کشتوکاڵ، گەیاندن و رۆشنبیری بەوەی کە رۆژی چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک داتاکانیان رەوانە بکەن. 
 
3- ئەگەر بە هەر هۆکارێک نووسراوە فەرمییەکانی تایبەت بە داتاکان بە واژۆی وەزیر یان بریکاری وەزیر رەوانە نەکران، ئەوا پێویستە بە واژۆی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەت رەوانە بکرێن.   
 
4- نووسینگەی سەرۆکوەزیران بەشێوەیەکی وەرزیی رێژەی جێبەجێکراو لە نێوەڕۆکی رێککەوتنی سیاسی دەداتە تیمەکە. 
 
5- فەرمانگەی یاسایی لە سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران بەشێوەیەکی وەرزیی رێژەی جێبەجێکردنی یاسا پێویستەکانی بەرنامەی وەرزاری و بەرنامەی حکومەت بە تیمەکە دەدات. 
 
6- وەزارەتی پلاندانان بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕگەی (8) لە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (340ی ساڵی 2022) دەکات.
 
7- هەموو وەزارەتەکان دەست بە جێبەجێکردنی ئەو بڕگانە دەکەن کە پێویستیان بە پاڵپشتی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە( 340ی ساڵی 2022) نییە و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی وەرزیی لەگەڵ تیمی وەزاریی لاوەکی، ئەمەش بە مەبەستی گەرەنتیکردنی جێبەجێکردنی پێویست.
 
8- هەموو وەزارەتەکان، پێویستە پابەندبن بە کاتە دیاریکراوەکان لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی بەدیهێنانی ئامانجی بەرنامەی حکومەتی تایبەت بە وەزارەتەکان و بەرزکردنەوەی راپۆرتی بەدواداچوونی تایبەت بە تیمی سەرەکی. 
 
9- بۆ هەڵسەنگاندنی وەزیر و بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، رێژەی جێبەجێکردن و بەدیهێنان بەشێوەیەکی سەرەکی وەردەگیرێت، ئەمەش بە رێگەی لیژنە تایبەتەکان کە بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراون. 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەر لە چوارچێوەی پشتگیریی حکومەت بۆ هونەر و هونەرمەندان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیدا لەسەر پشتگیریکردنی فەرمانگەی سینەما و شانۆ.
 
هەروەها بەهۆی ئەنجامی بومەلەرزە وێرانکارییەکەی تورکیا و پشتبەستن بە نێوەڕۆکی نووسراوی وەزارەتی دەرەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیدا لەسەر گواستنەوە کونسوڵخانەی گشتیی عێراق لە شاری دیلۆکەوە بۆ پارێزگای مێرسینی تورکیا.