سەرۆککۆمارى عێراق و شاندێکى لوبنان کۆبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆمارى عێراق و شاندێکى حکومەتى لوبنان پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات و گۆڕینەوەى ئەزموون لەنێوانیان تاوتوێ دەکەن.
رۆژی 21ى شوباتى 2023، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق لە بەغدا پێشوازى لە مستەفا حوسێن بیرەم، وەزیرى کارى لوبنان و شاندێکى حکومەتى ئەو وڵاتە کرد.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى سەرۆکایەتیى کۆمار، لەو کۆبوونەوەیەدا پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات تاوتوێکران و جەخت لەوە کرایەوە، پەیوەندییەکان فراوانبکرێن و لایەنى ئابوورى و بازرگانى و کولتوورى بگرێتەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆککۆمار جەختى لەوە کردووەتەوە، کە مەوداى هاریکارى نێوانیان بەرفراوان بکەن لەڕێگەى گۆڕینەوەى ئەزموونەکان لە بوارى کار و پاراستنى کۆمەڵایەتى و مەشقى پیشەگەرانە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیرى کارى لوبنان هیواى خواست کە کارئاسانى بۆ کارى لوبنانیەکان بکرێت لە عێراق و بەپێچەوانەوە.