پەرلەمانتارانی تورکمان 21 داواکاریی دەدەنە سوودانی

21-02-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن تورکمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارانی تورکمان لە نووسراوێکدا 21 داواکاری ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی دەکەن، لەنێویاندا بەپارێزگاکردنی قەزاکانی خورماتوو لە پارێزگای سەلاحەدین و تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا هەن، جگە لە داواکاریی سیاسی و یاسایی، داوای دەیان پۆستیش دەکەن.
 
موختار مەحموود یوسف، پەرلەمانتاری تورکمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (دووشەممە، 20-2-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمڕۆ پەرلەمانتار غەریب تورکمانی بەناوی پەرلەمانتارانی تورکمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە".
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، سوودانی پێشتر داوای لیستی داواکاریی پەرلەمانتارانی تورکمانی کردبوو، ئەوانیش دوای راوێژ لەگەڵ خەڵکی خۆیان ژمارەیەک داواکارییان بۆ ئامادەکرد، بە ئومێدی ئەوەی جێبەجێیان بکات.
 
یەکێک لە داواکارییەکانی تورکمان بە پارێزگاکردنی تەلەعفەر و خورماتووە. ئەو پەرلەمانتارە روونیکردەوە: "راستە لەو پارێزگایانە خەڵکی دیکەش دەژین، بەڵام ئەو ناوچانە ژمارەی دانیشتووانیان زۆرە و باشترە بکرێنە پارێزگا، وەکو پێدانی تایبەتمەندی بەو ناوچانە".
 
داواکاریی تورکمانەکان بەپێی ئەو لیستەی پێشکێشی محەممەد شیاع سوودانیان کردووە، ئەمانەن:   
 
داواکاریی یەکەم: 

 

هاوبەشیکردن لە بڕیاری سیاسی و سیادی لە دەوڵەتی عێراق وەکو پێکهاتەی سێیەم و وەکو ئەوەی دەستووری عێراق باسیکردووە لەوانە:

 
1- پۆستی جێگری سەرۆککۆماری عێراق.
2- پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران یان وەزارەتی سیادی.
3- پۆستی وەزاری بۆ پێکهاتەی تورکمان لەرێگەی رەخساندنی دەرفەت بۆ تورکمانەکان بۆ خزمەتکردنی نیشتمان و بەشداری لە چاکسازی.
4- پۆستێک لە سەرۆکایەتی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار.
5- پۆستی جێگری ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران.
6- پۆستی جێگری ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
7- دەستە سەربەخۆکان.
8- بەشداریپێکردنی کردەیی تورکمانەکان لە دۆسییەی ئەمنی لەرێگەی پێدانی پۆست بە تورکمان لە وەزارت و دامەزراوە و دەستە سەربازی و ئەمنییەکان.
 
گەرەنتیکردنی ئەوەی شارەزایانی تورکمان پلەی تایبەت وەربگرن لەوانە: "بریکار، باڵیۆز، راوێژکار، بەڕێوەبەری گشتی"، بەو پێیەی لەگەڵ قەبارەی پێکهاتەی تورکمان لە عێراق بگونجێت لەرووی دەستووی و میللیەوە. 
ئەنجوومەنەکانی ئەمینداران و کۆمیسیاران و ئەندامانی ئەنجوومەنە فیدراڵییەکان (دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان، ئەنجوومەنی خزمەتی فیدراڵی، کۆڕبەندی زانستیی عێراق، بەیتولحیکمە.)
 
- دەستەی راوێژکاران لە سێ سەرۆکایەتییەکە.
- باڵیۆزەکان.
 
داواکاریی دووەم: داواکاریی سیاسی و یاسایی
 
1- هەبوونی رۆڵ لە داڕشتنی یاسایەکی تایبەت بە مافەکانی تورکمان بەپێی دەستووری عێراق
2- پووچەڵکردنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، کە لەگەڵ ناوەڕۆکی دەستووردا دژیەکن.
3- تەواوکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکانی تورکمان بۆ ناوچەکانیان و قەرەبووکردنەوەیان.
4- تۆکمەکردنی پێگەی پێکهاتەی تورکمان لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەنجوومەنی دەوڵەت، بەو پێیەی لەگەڵ پرەنسیپی هاوبەشی و هاووڵاتیبوون بگونجێت.
 
داواکاریی سێیەم: دۆسیەی پارێزگا و حکومەتە خۆجێیەکان:
 
- پەلەکردن لە بەپارێزگاکردنی تەلەعفەر و خورماتوو.
1-پۆستی پارێزگاری کەرکووک
2-پۆستی پارێزگاری نەینەوا
3-جێگری پارێزگاری نەینەوا
-دابینکردنی پارەی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە تورکمانییە زیانلێکەوتووەکان.
 
لە هەڵبژاردنی 10ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021، تورکمان لەسەر ژمارەیەک لیست و فراکسیۆنی جیاواز، توانییان 8 کورسی لەکۆی 329 کورسی بەدەستبهێنن، بەڵام دواتر لەژێر ناوی پەرلەمانتارانی تورکمان لەچەند کارێکدا پێکەوە دەرکەوتن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە