وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەڕێوەبردنی فەرمانگەیەك دەداتە دەست ژنان

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاری دا بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی خێزان و منداڵانی سەر بە وەزارەتەكەی بدرێتە دەست ژنان و سەرجەم كارمەند و بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکە لەو رەگەزە بن. کە بە گوتەی خۆی ئەوە یەكەمجارە لە مێژووی وەزارەتەكەیدا، بەڕێوەبردنی بەڕێوەبەرایەتییەك بەتەواوی بدرێتە دەست ژنان.
 
بەگوێرەی بەیاننامەیەكی فەرمانگەی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئەو بڕیارەی عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 21-02-2022 کە بەشێوەیەكی زارەكی دەریكردووە، لە میانی كۆبوونەوەیەكی بووە لەگەڵ ژمارەیەك لە كارمەندانی ژنی وەزارەتەكەی.
 
غانمی ئاماژەی بەوەداوە كارمەندە ژنەكان دەتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسانە بكەن، كە دەچێتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی خێزان و منداڵان بەو پێیەی زۆرینەی ئەو پرسانە خێزانین.
 
ئەركی بەڕێوەبەرایەتییەکە پاراستنی خێزان و منداڵانە لە تووندوتیژیی خێزانی بە تایبەتی ژنان و منداڵان، رۆژانە بەردەوام هێڵی گەرمی پەیوەندییان هەیە بۆ رێگریكردن لە تووندوتیژیی خێزانی. هەروەها لایەنی بەرپرسە لە وەرگرتنی ئەو سكاڵایانەی، كە دەچنە چوارچێوەی تووندوتیژیی خێزانییەوە.
 
بەگوتەی وەزیری ناوخۆی عێراق، ئەوە یەكەمجارە لە مێژووی وەزارەتەكەیدا، كە بەڕێوەبردنی بەڕێوەبەرایەتییەكی ئەو وەزارەتە بەتەواوی بدرێتە دەست ژنان.