سوودانی بۆ ترەمپ: حکومەتی عێراق پابەندە بە پەیوەندییە ستراتیجییەکانی لەگەڵ ئەمریکا

21-01-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەکو سەرۆکی نوێی ئەمریکا پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە کرد.
 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2025) محەممەد شیاع سوودانی لە پەیامەکەدا، ئاماژەی بە خواستی عێراق بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە هاوکارییەکان و هاوبەشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە؛ لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات.
 
لە پەیامەکەی سوودانیدا هاتووە، "جەخت لە گرنگیی کارکردن بۆ پشتگیریکردنی بنەماکانی سەقامگیری و ئاسایش و گەشەپێدان لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەکەینەوە."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، "حکومەتی عێراق پابەندە بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و، هەوڵدەدات بۆ چالاککردن و فراوانکردنی جێبەجێکردنی هەموو یاداشتنامە هاوبەشەکانی لێکتێگەیشتن و هاوئاهەنگیی دووقۆڵیی ئەمنی و ئابووری، لەژێر چەتری رێزگرتن لە سەروەری و دەستێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی، هەروەها بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی دووقۆڵی لە بوارەکانی کولتووری و تەکنەلۆژی و وەبەرهێنان و گەشەپێدان."
 
رۆژی دووشەممە، 20-01-2025، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرێسی ئەمریکاوە سوێندی یاسایی خوارد و بووە 47ـەم سەرۆکی ئەمریکا. ئەمە دووەم جارە ترەمپ بەم ئەزموونەدا تێدەپەڕێت، لە خولی 2016-2020 ـدا 45ـەەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە