بۆ دەرهێنانی کارتى دەنگدان تەنیا کار بە کارتى نیشتمانى دەکرێت

21-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بڕیاریدا لەمەودوا تەنیا کار بە کارتى نیشتمانى بکرێت بۆ دەرهێنانى کارتى بایۆمەترى دەنگدان. بەرپرسێکى کۆمیسیۆن دەڵێت: "پێشتر وڵاتینامە و ناسنامەى بارى کەسى کارى پێدەکرا، بەڵام لەمەودوا کارى پێناکرێت".
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـى کانوونى دووەمى 2025، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بڕیاریداوە لەمەودوا بۆ دەرهێنانى کارتى بایۆمەتریى دەنگدان، تەنیا کار بە کارتى نیشتمانى بکرێت. 
 
کارتى نیشتمانى کۆکەرەوەى هەموو بەڵگەنامەکانى دیکەى هاووڵاتییانە لە وڵاتینامە و ناسنامەى بارى کەسى.
 
عیماد جەمیل گوتى: "پێشتر کۆمیسیۆن جگە لە کارتى نیشتمانى، کارى بە وڵاتینامە و ناسنامەى بارى کەسى دەکرد لە دەرهێنانى کارتى بایۆمەتریى دەنگدان، بەڵام لەمەودوا کاریان پێناکات".
 
لە کۆى 45.4 ملیۆن هاووڵاتیى عێراق، زیاتر لە 40 ملیۆنیان کارتى نیشتمانییان دەرهێناوە، بەڵام بە گوتەى عیماد جەمیل، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 19 ملیۆن و 600 هەزار عێراقى کارتى بایۆمەتریى دەنگدانیان هەیە.
 
ئەو رێکارەى کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتوو کارى پێدەکرێت. بڕیارە کۆتایی مانگى تشرینى یەکەمى ئەم ساڵ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بکرێت. 
 
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، دەرگەى تۆمارکردنى بایۆمەترى کراوەیە و پشتبەستن تەنیا بە کارتى نیشتمانى، ئەو دەنگدەرانە دەگرێتەوە کە تاوەکو ئێستا خۆیان تۆمارنەکردووە یان لەمەودوا مافى دەنگدانیان دەبێت. 
 
بە گوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان، هەر دەنگدەرێک کارتى بایۆمەتریى دەنگدانى نەبێت، ناتوانێت لە هەڵبژاردن بەشدار بێت کە بە سیستمى ئەلیکترۆنى دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە