رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و سێ پڕۆژە یاسای پەسندکرد. هەر یەکێک لە پڕۆژەیاساکان پەیوەندی بە یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانەوە هەبوو.
ئەو پڕۆژەیاسایانەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق پەسندی کردن بریتی بوون لە:
- پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەکانیان.
- پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبووردنی گشتی ژمارە 27ـی ساڵی 2016.
- پێشنیازەیاسای باری کەسێتیی ژمارە 188ـی ساڵی 1959.
پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ هەنگاوێکی گرنگی نا بەرەو چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری زەوتکراوی سەردەمی دەسەڵاتی بەعس، ئەوەش بە پەسندکردنی یاسایەک کە رێگە دەدات بە گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان.
ئەم هەنگاوە کە دوای چەندین ساڵ لە داواکاری و چاوەڕوانی دێت، کاردانەوەی لێکەوتەوە.
یاساکە بەشێوەیەکی سەرەکی هەوڵێکە بۆ راستکردنەوەی ئەو ستەمەی لە کورد و تورکمان و هەندێک عەرەب کراوە، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا زەوییەکانیان زەوت کرا.
بەپێی یاساکە، ئەو زەوییانەی بە نایاسایی دراونەتە وەزارەت و کەسانی دیکە دەگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان. بەگوتەی نوێنەرانی کورد، یاساکە زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەوی لە کەرکووک دەگەڕێنێتەوە.
هەروەها یاساکە میکانیزمێک دەخاتەڕوو بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی زەوییەکانیان بەکارهێندراوە یان بووەتە بەشێک لە دامەزراوە حکومییەکان.
جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەستپێکێکی زۆر گرنگ بوو بۆ راستکردنەوەی خراپەکارییەکان و هیوادارین ئەوانی دیکەش رادەست بکرێنەوە".
جەمال کۆچەر روونیکردەوە، دەبێت حکومەت یەکێک لەم سێ بژاردەیە هەڵبژێرێت: زەویوزاریان بۆ دەگەڕێنێتەوە، قەرەبوویان دەکاتەوە لە بەرامبەر ئەوەی زەوییەکانیان لەلایەن کەسانێکەوە دەستیان بەسەرداگیراوە و چی دیکە بەکەڵک نایەن، یان هەندێک موڵکی دیکە بوونەتە بەشێک لە دام و دەزگا حکومییەکان و دەبێت رێگەیەک بدۆزرێتەوە قەرەبوویان بکرێتەوە. ئەگەر زەوییەکان بەکارهێندرابن و نەتوانرێ بۆ خاوەنەکەیان بگەڕێندرێنەوە، دەبێت جێگیرەوەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە و قەرەبوویان بکرێتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان رایگەیاند، دوای زیاتر لە 20 ساڵ لە رزگارکردنی عێراق لە دەست دەسەڵاتی بەعس، دوای 50 ساڵ لە داگیرکاری زەوییەکانی کورد و تورکمان و لە هەندێک ناوچەش زەوییەکان عەرەب، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق "هەنگاوێکی ئێجگار گەورەی نا" و ئەو بڕیارانەی هەڵوەشاندنەوە کە لە رێگەیەوە ئەو زەوییانە درابوونە وەزارەتەکان و بە گرێبەست درابوونە هاوردەکان .
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "ئەوە هەوڵ و کۆششی زیاتر لە دوو ساڵە بە بەردەوامی، تەنانەت دوێنێ شەو تاوەکو یەکی شەو کۆبوونەوە لەسەر ئەو بابەتە کراوە" .
جێگری سەرۆکی پەرلەمان جەختی لەوەکردەوە کە "یەکێتی و یەکڕیزی و یەک دەنگی ئێمە ئەم بەرهەمەی لێکەوتەوە. هیودارین ئەم یەکڕیزییە لە کوردستانیش دروستبێت بۆ ئەوەی ئەو ئامانجانە بەدی بێن کە لە پێناویاندا قوربانی و تێکۆشانمان کردووە".
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لەوبارەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "ئەم یاسایە ستەمێکی گەورەی دەیان ساڵە لەسەر جووتیارانی کورد و تورکمان لادەبات و میكانیزمێكی دادپەروەرانەش بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ لێكەوتەكانی لە سەر جووتیارە عەرەبەکان دابینكردووە" .
پەسندکردنی پرۆژەیاساکە، کاردانەوەی تورکمان و عەرەبی لێکەوتەوە، بەتایبەتی لە کەرکووک.
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی و نوێنەری کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا پێشوازی لەو هەنگاوە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە یاساکە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشە و زەوییەکان دەگەڕێنەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان.
ئەرشەد ساڵحی راشیگەیاند: "ئەمە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوەیە. ئەمە مافێکە 50ساڵ دزراوە" .
لای خۆیەوە، وەسفی عاسی، نوێنەری عەرەبی سوننە لە کەرکووک رەخنەی ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد و رایگەیاند، دەنگدانەکە بە شێوەیەکی یاسایی نەبووە، لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەن.
وەسفی عاسی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بە خەڵکی کەرکووک دەڵێین، یاسای گەڕانەوەی زەویوزار بەشێوەیەکی یاسایی دەنگی لەسەر نەدراوە، پشێوی لە دانیشتنەکەدا هەبوو" .
سێ بڕیاری سەرەکی هەن کە رووبەری زەوییەکانیان زۆرە:
بڕیاری ژمارە 369ـی ساڵی 1975: ئەم بڕیارە سنوورەکانی دووبز، تۆپزاوە، بەشێک لە داقووق و لەیلان دەگرێتەوە، بە کۆی گشتی 123 هەزار دۆنم زەوییە.
بڕیاری ژمارە 824ـی ساڵی 1976: ئەم بڕیارە زیاتر لە 9 گوندی ناوچەی داقووق دەگرێتەوە کە زەوییەکانی شێخەکانی تاڵەبانین و نزیکەی 38 هەزار دۆنم زەوییە.
بڕیاری ژمارە 949ـی ساڵی 1977: ئەم بڕیارە 10 گوند لە سنووری سەرگەڕان و 2 گوند لە سنووری پردێ دەگرێتەوە، بە کۆی گشتی 44 هەزار دۆنم زەوییە.
بڕیارەکانی دیکە رووبەری جیاوازیان هەیە کە بەشێکیان لە نێو کەرکووکن، زیاتر زەویی تورکمانن لە ناوچەی تسعین، بەشێکیان لە دەوروبەری کەرکووکن.
پرسێکی دیکە پەسندکردنی پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتی بوو کە سوننەکان پێداگریان لەسەر دەکرد.
مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتیش پەسندکراوە کە پەیامێکی ئەرێنییە بۆ ئەو پێکهاتانەی هەست دەکەن ستەمیان لێکراوە.
مەشهەدانی وەک نوێنەری عەرەبی سوننە گوتی: "پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتی پەسندکرا کە یەکێکە لە یاسا زۆر گرنگەکانی ئەم قۆناخە".
پێشنیازی یاسای باری کەسێتیی ژمارە 188ـی ساڵی 1959 کە داواکاری شیعەکان بوو، پەسندکرا، بەڵام بەشێک لە شیعەکان لە تێپەڕاندنی یاسای لێبووردنی گشتیی نیگەرانن و لەگەڵ ئەوەدا نین بە یەک پاکێج هەر سێکیان دەنگیان لەسەردراوە.
بەشێکیان لە نێو پەرلەمان واژۆیان بۆ دوورخستنەوەی مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆکردەوە و دەڵێن لە دادگای فیدراڵی تانە لە دانیشتنەکە دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ