کۆمەڵەی خانەنشینان داواکارییەکان لەبارەی هەمواری یاسای خانەنشینی دەگەیێنێتە پەرلەمان

21-01-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی کۆمەڵەی خانەنشینانی عێراق داواکارییەکانی لەبارەی هەمواری یاسای خانەنشینی، گەیاندە پەرلەمان و لەگەڵ لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.
 
لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، دووشەممە (20-1-2025) بە سەرۆکایەتیی عەبدولکەریم عەبتان، جێگری سەرۆکی لیژنە و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەکە، لەگەڵ شاندێکی نوێنەرایەتیی کۆمەڵەی خانەنشینانی عێراق کۆبووەوە، بۆ تاوتوێکردنی داواکارییەکانی خانەنشینان.
 
شاندەکە ئاماژەی بەوەدا جیاوازییەکی زۆر لە مووچەدا هەیە، کە دەگاتە 30% لەنێوان ئەو خانەنشینانەی یاسای ژمارە (9)ـی ساڵی 2014 دەیانگرێتەوە، لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان کە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی یاساکە نەیگرتوونەتەوە.
 
شاندەکە داوای کرد دادپەروەریی بەدیبهێنرێت و مووچەی هەموو خانەنشینان یەکسان بکرێت، هەروەها جەختی لە "گرنگیی بەهاناوەچوونی ئەم چینە کردەوە کە خزمەتێکی گەورەیان بە وڵات کردووە."
 
لیژنەی یاسایی جەختی لە پابەندبوونی خۆی کردەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە تێبینی و پێشنیازەکانی شاندی خانەنشینان، ئاماژەی بەوەش دا؛ کاردەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم داواکارییانە لەگەڵ لایەنە جێبەجێکارە پەیوەندیدارەکان، لەپێناو چارەسەرێک کە دادپەروەریی بەدیبهێنێت.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێشنیازی هەمواری یاسای خانەنشینی لەلایەن پەرلەمانەوە پێشکێشکراوە و پێویستی بە رەزامەندیی حکومەتە، چونکە رەهەندێکی دارایی هەیە.
 
یەکێک لە بڕگەکانی هەموارەکە دەستکاریکردنی تەمەنی خانەنشینییە، کە لە 60 ساڵەوە دەکرێتەوە 63. پێشتر تەمەنی خانەنشینی لە یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی عێراق 63 ساڵ بوو، بەڵام یاساکە لە 2019 دا هەموار کرایەوە و تەمەنی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ کەمکرایەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە