ساڵی رابردوو داهاتەکانی گومرگی عێراق یەک تریلیۆن و 198 ملیار دینار بووە

21-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی گومرگەکانی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار داهاتیان هەبووە و بە رێژەی 28% لە ساڵی پێشتر زیاتر بووە. 
 
دەستەکە لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی داهاتە گومرگییەکانی ساڵی 2023، ئاشکرایکرد، "بڕی زیاتر لە یەک تریلیۆن و 33 ملیار و 765 ملیۆن دینار بەدەستهاتووە، هۆکاری زیادبوونیشی بەراورد بە ساڵی 2022 بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە وەرگرتنی گومرگ لەسەر سنوورەکان دەگەڕێتەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش ئاشکراکراوە، "لە سەنتەری گومرگی زرباتییە داهاتەکان بە رێژەی 208% زیادیکردووە، لە سەنتەری گومرگی مونزرییە بەڕێژەی 170% و سەنتەری گومرگی مەندەلیش بە رێژەی 147% داهاتەکانی زیادیانکردووە."
 
هەرچی پەیوەستە بەو گومرگەی زۆرترین داهاتی هەبووە، ئاشکرایکردووە کە گومرگی "گۆڕەکانی گەورەی تەرحیب" زۆرترین داهاتی هەبووە کە بڕەکەی 302 ملیار و 198 ملیۆن دینار بووە و رێژەی زیادبوونی بەراورد بە ساڵی رابردوو 75%ـە."
 
زیادبوونی رێژەی داهاتەکانی گومرگ لەکاتێکدایە، هێشتا گومان لە بەفێڕۆچوونی بەشێکی داهاتەکانی عێراق بەهۆی گەندەڵی هەیە، 
هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی داهاتە گومرگییەکانی عێراقەوە بە رووداوی گوت، "بەدڵنیاییەوە بڕی داهاتی بەدەستهاتوو زۆر کەمترە لەوەی هەیە، دەبێت لێکۆڵینەوەی وردتر بکرێت بەتایبەت لەلایەن دەزگەی چاودێریی داراییەوە، چونکە عێراق لە هاوردەکردنی شمەکدا کەلوپەلێکی زۆر هاوردە دەکات و بە بڕی زۆر، بۆیە یەک تریلیۆن و چەند سەد ملیار دینارێک بۆ ساڵێک زۆر کەمە."
 
لە عێراق 14 سەنتەری گومرگی هەن کە لەنێوان دەروازەی سنووریی و ناوچەی ئازاد دابەشبوون، بەشی زۆریان دەروازەی سنووریی و بازاڕی ئازادن، جگە لە فڕۆکەخانە و دوو دەروازەی دەریایی کە لە بەندەرەکانی ئوم قەسر و خۆر زوبێر پێکدێت، هەروەها دەروازەی ترێبیل لە ئوردن هەیە، دەروازەکانی وەلید، قائیم، رەبیعە لەگەڵ سووریا هەیە، لەگەڵ دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لەگەڵ تورکیا، دەروازەی مونزرییە لەگەڵ ئێران و عەرعەر لەگەڵ سعودییە و سەفوان لەگەڵ کوێت، لەگەڵ ژمارەیەکی دیکەش.
 
بەپێی رەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، 87%ـی داهاتەکانی عێراق لە نەوتەوە بەدەست دێت و لە کۆی زیاتر لە 134 تریلیۆن دینار، تەنیا 17 تریلیۆن دینار داهاتە نانەوتییەکانن کە رێژەی تەنیا 13%ـی داهاتەکان پێکدەهێنێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت