دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ حەوت سکاڵای تایبەت بە کورد و باشووری کوردستان کۆدەبێتەوە

21-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق تاوتوێی حەوت سکاڵا بکات کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، لەوانەش داواکردنی مافی خاوەندارێتیی زەوییەکان لە کەرکووک، پرسی مووچە، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
جووتیاران داوای زەوییەکانیان دەکەنەوە
 
سکاڵای یەکەم، ژمارە 142/فیدراڵی/2023ـی هەیە. سکاڵاکاران گوڵخاتر حەبیب حەسەن، دەشتی خدر، تەحسین عەبدولقادر حەسەن، سابیر عەبدوڵڵا خاڵند، ئیبراهیم مەولوود باپیر و رەمزی حەمید حوسێنن؛ سکاڵایان لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمار کردووە. داوا دەکەن دادگەکە بڕیای نادەستووریبوونی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕش، ژمارە 949ـی ساڵی 1997 و، تاکە یاسای یەکخستنی جۆرەکانی زەویی دەوڵەت، ژمارە 53ـی ساڵی 1976 و، تۆمارکردنی بەناوی وەزارەتی دارایی بە مەبەستەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و چاکسازیی کشتوکاڵی بدات. سکاڵاکە لە 26ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023ەوە دوادەخرێت.
 
بڕیاری ژمارە 54ـی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕش لە ساڵی 1970 دەرکراوە. بەپێی یەکێک لە خشتەکانی، کە خشتەی ژمارە سێیە، زەوییەکانی 14 گوندی سنووری پارێزگای کەرکووک، لەنێویاندا گوندەکانی شەناغە، جەرد، سەربەشاخ، قرغەتوو، کتکە، پەڵکانە، کزووشان لە جووتیاران وەرگیراون، کە زۆربەیان جووتیاری کوردن.
 
یاسای یەکخستنی جۆری زەوییەکانی دەوڵەت، ژمارە 53ـی ساڵی 1976، یەکێکە لە یاساکانی سەردەمی بەعس و بەگوێرەی یاساکە، سەتان دۆنم زەوی لە کورد سەندراون.
 
لە سەردەمی بەعسدا بە سەتان دۆنم زەویی کورد و تورکمان دەستیان بەسەردا گیرا، بەپێی یاسا و بڕیارەکانی ئەوکات لە خاوەنە رەسەنەکانیان سەندرا و درانە عەرەبی هاوردە یان بەناوی وەزارەتەکانی عێراقەوە تۆمار کران. ئێستا خاوەن ئەو زەوییانە داوای زەوییەکانیان دەکەن و بۆ ئەو مەبەستە زیاتر لە 40 رۆژە مانیان گرتووە.
 
سکاڵایەک بۆ گێڕانەوەی زەوییەکانی کەرکووک
 
سکاڵای دووەم ژمارە 141/فیدراڵی/2023ـی هەیە. هەریەک لە عیزەدین غازی عاسی، نەجات موكەڕەم عەبدوڵڵا، شابوور نەجمەدین کەریم و لوقمان عەدنان جونەید تاڵەبانی سکاڵایان لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمار کردووە و داوا دەکەن بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕش ژمارە 824ـی 16-8- 1976 بە نادەستووری بزانێت.
 
بڕیارەکە تایبەتە بە تاپۆکردنی ژمارەیەک زەوی لە سنووری ناحیەی داقووق و تۆمارکردنی بەناوی وەزارەتی کشتوکاڵ و چاکسازیی کشتوکاڵی وەک موڵکی رەها، کە هیچ پابەندبوونێک یان مافێکی هیچ کەسی بەسەرەوە نییە، ئەوەش بە مەبەستی دابەشکردنی بەسەر جووتیاران بەپێی بنچینەکانی پشتپێبەستوو لە یاسای چاکسازیی کشتوکاڵی ژمارە 117ـی ساڵی 1970.
 
بڕیاری 824 یەکێکە لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوەی شۆڕشی حیزبی بەعس و تێیدا 14 زەوی بە رووبەری زۆر وەرگیراون.
 
یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
 
سێیەم سکاڵا دادگەی فیدراڵی لەبارەی کۆدەبێتەوە سکاڵایەکە پێشتر دوو سکاڵا بوون و یەکخراون دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەموارکراو.
 
سکاڵاکە ژمارە 83ی فیدراڵی /2023ـی هەیە و لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار کراوە و تێیدا سکاڵاکاران داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.
 
سکاڵاکە کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە شەش دانیشتنی دادگەی فیدراڵی بۆ کراوە؛ دوایین جار لە 27ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو دواخرا و پەیوەندی بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
 
ئەو مادانەی لە یاسای هەڵبژاردن کە سکاڵاکەیان لەسەر تۆمارکراوە:
 
مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
 
مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت.
 
مادەی پانزەیەم: بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار بە ناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن، بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
 
مادەی بیست و دوو: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مافی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت 30٪ کەمتر نەبێت.
 
مادەی 36:
 
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێت. بەربژێرەکانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
 
دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێن؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
 
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2024، شەرمین خدر بەهجەت، بەرپرسى هۆبەى یاسایی پەرلەمانى کوردستان، لەبارەی سکاڵاکەوە بە رووداوی گوت، "دیار نییە ئایا دادگە بڕیاری لەبارەوە دەدات یان نا، چونکە دوو دانیشتن پێش ئێستا بڕیاربوو دادگەکە بڕیار بدات، بەڵام کۆمیسیۆن هاتە نێو سکاڵاکەوە و بوو بە لایەنی سێیەم، دواتر ئێمە داوای مۆڵەتمان کرد بۆ ئەوەی وەڵامی لائیحەی کۆمیسیۆن بدەینەوە؛ دواتر کۆمیسیۆن داوای مۆڵەتی کرد، ئیدی هێشتا روون نییە بڕیار دەدرێت یان نا."
 
شەرمین خدر بەهجەت گوتی، "لە دوو کۆبوونەوەی رابردوودا سەرۆکایەتی ئێمە لە جیاتی ئێمەش لائیحەیان نووسیووە."
 
سکاڵا دژی پێنەدانی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان
 
چوارەم سکاڵا کە دادگەی فیدراڵی بۆی کۆدەبێتەوە، سکاڵایەکە لەلایەن عەدالەت رەحیم محەممەد، بوخاری جەمیل و حەیدەر محەممەد عوسمانەوە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە. سکاڵاکە لە 31ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دوادەخرێت.
 
سکاڵاکە ژمارە 224ـی فیدراڵیی 2023ـی هەیە. سکاڵاکاران داوایان لە دادگەکە کردووە بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ ناردنی شایستە داراییەکان و و مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی تەممووز و ئابی ساڵی 2023 و ئەو کێشەیەی کەوتووەتە نێوان هەردوو سکاڵالێکراو یەکلایی بکاتەوە کە بووەتە هۆی جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەی گشتی ژمارە 13ـی ساڵی 2023 و پابەندیان بکات بە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی سەرجەم فەرمانبەرانی دیکەی حکومەتی عێراق.
 
دوای ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەبارەی شایستە داراییەکانی کوردستانەوە کێشە کەوتووەتە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەهۆی ئەو ناکۆکییە و راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ نزیکەی 10 مانگ، هێشتا مووچەخۆرانی کوردستان مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023یان وەرنەگرتووە.
 
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق، پشکى هەرێمى کوردستان زیاتر لە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارى بودجەى عێراق.
 
سکاڵایەک بۆئەوەی مووچەی فەرمانبەران مانگانە بدرێت
 
سکاڵای پێنجەم کە بڕیارە دادگەی فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2024، تاوتوێی بکات، لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە تۆمارکراوە لەنێویاندا د. رەعد رەفعەت، سەرۆکی بۆردی توێژینەوەی دەزگای ستاندەر، بەدەل بەرواری، ئاکۆ محەممەد مەحموود، عەلی ئەحمەد و عەلی بابان کە داوایان کردووە دادگەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی بڕگەی دووی مادەی 12 و هەشتەمی مادەی 13ی یاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و2025 پابەند بکات، شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدرێت و مانگانە مووچەکانیان بێ دواکەوتن وەربگرن.
 
لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە کێشە کەوتووەتە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق. بەهۆی ئەو ناکۆکییە و راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان کە نزیکەی نۆ مانگە و نەناردنی پشکی مووچەی هەرێمی کوردستانیش لە لایەن بەغداوە کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروستبووە.
 
یاسای بودجەى گشتی، کە لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا و لە 26ـى هەمان مانگدا لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، قەبارەکەی 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.
 
تاوتوێکردنی سکاڵاکەی وەهاب هەڵەبجەیی
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-1-2024، دادگەی فیدڕاڵی تاوتوێی سکاڵایەک دەکات کە لەلایەن وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتی دژە تیرۆری سلێمانییەوە تۆمارکراوە. لە سکاڵاکەدا وەهاب هەڵەبجەیی، کە ئێستا ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیشە، داوا دەکات دادگەکە ماوەى کارپێکردنى جێبەجێکردنى یاسای ژمارە 3ى ساڵى 2006ى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بە نادەستوورى بزانێت، کە بەگوێرەى یاسای ژمارە 7ى ساڵى 2018 دیاریکراوە، جگە لەوەش سەرجەم ئەو سزایانەی لە دادگەکانی هەولێر دژی دەرچوون هەڵبوەشێندرێتەوە.
 
یاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر لە ساڵى 2006 لە پەرلەمان پەسند کرا. لە مادەى 18دا ئاماژە بەوە دراوە کە بۆ ماوەى دوو ساڵ کار بە یاساکە دەکرێت لە رۆژى بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعی کوردستان. سکاڵاکە لە 5ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دوادەخرێت.
 
لە ساڵى 2018 پەرلەمانی کوردستان یاساى کارپێکردن بە یاسای بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرى دەرکرد کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کە کار بەو یاسایە دەکرێت، بێ ئەوەى ئاماژە بە وادەیەکى دیاریکراو بکات کە تێیدا یاساکە کارا دەبێت، وەکو ئەوەى لە یاساکەى ساڵى 2006 هاتووە کە بۆ ماوەى دوو ساڵ بوو.
 
7ى تشرینى یەکەمى 2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار عەبدوڵڵا ناسراو بە هاوکار جاف گیانی لەدەستدا و لەسەر ئەو دۆسیەیە لە 4ى حوزەیرانى 2023، دادگەی تاوانی هەولێر، بە غیابی سزاى لەسێدارەدانى بۆ شەش کەس دەکرد، کە وەهاب هەڵەبجەیی یەکێکیان بوو.
 
مامۆستایان و فەرمانبەران داوای پلەبەرزکردنەوە دەکەن
 
سکاڵای حەوتەمی دادگەکە کە بڕیارە ئەمڕۆ بۆی کۆببێتەوە تایبەتە بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و لەلایەن ئەژی بەرزان عارف، محەممەد حوسێن کەریم، خەبات لەتیف مارف، نەجمەدین محەممەد ساڵح، دلاوەر عەلی محەممەد ساڵح، ئاوات ئازاد محەممەد، دڵشاد محەممەد ئەمین سەعید، سامان عەلی ساڵح و رێبوار باهر ئەحمەد تۆمار کراوە کە فەرمانبەر و مامۆستان لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
ئەو مامۆستایانە لە سکاڵاکەیاندا کە ژمارە 247ی فیدراڵیی ساڵی 2023ی هەیە، داوایان کردووە حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پابەند بکرێن بە جێبەجێکردنی دروستیی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتیی ژمارە 22ی ساڵی 2018ی هەموارکراوی فیدراڵی وەکو خۆی، بەتایبەت مادەکانی (6، 7، 8، 9)ی یاساکە. ئەوان داوا دەکەن ئەو بڕیار و رێنوێنییانەی لە حکومەتی کوردستانەوە لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەرچوون، هەڵبوەشێنەوە. سکاڵاکە لە 24ـی مانگی رابردوودا دواخرابوو.
 
لەدوای دەستپێکردنی شەڕی داعش لە ساڵی 2014 و بڕینی بەشە بودجەکەی لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی ئەو گوشارە ئابوورییەی لەسەری دروستبوو، لەوانە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران.
 
دانیشتنەکەی دادگەی فیدراڵی لەکاتێکدایە، رۆژی 10-09-2023 دادگەکە سکاڵایەکی رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێی تایبەت بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت