رووداو - هەولێر
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەهۆی بڕیارەکانی حکومەتەکەی ئەوەوە نەبووە؛ بەڵێنیش دەدات لە پشتیوانیکردنی بانکی ناوەندیی عێراق بەردەوام بێت تاوەکو بەهاکە دەگەڕێتەوە ئاستی خۆی.
لە رێوڕەسمی بیستەم ساڵیادی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم، دامەزرێنەری ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی عێراق، ئەمڕۆ محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتارێکی پێشكێشکرد و تێیدا سەرنجی خستە سەر هەوڵەکانی کابینەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشە ئابووری و داراییەکان، لەوانەش دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و پێداویستییەکانی دیکەی رۆژانەی هاووڵاتیان.
سوودانی لەو بارەیەوە گوتی: "حکومەت بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی ئاڵۆگۆڕی دۆلار بۆ نرخی فەرمیی خۆی."
بەهای فەرمی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بە هەزار و 470 دینار دیاریکراوە، بەڵام وەک میدیای ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی عێراقی و ئەمریکییەوە باسی دەکات، بەهۆی کەمبوونەوەی ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ بانکەکانی عێراق لە ئەنجامی جێبەجێکردنی رێوشوێنی نوێ و تووندوتۆڵ بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی دۆلار بە ئێران و وڵاتانی دیکەی سزادراو، بەهای نافەرمیی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بە رێژەیەکی بەرچاوە بەرزبووەتەوە.
لەو بارەیەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو دوای ساڵێک لە چەقبەستوویی سیاسی دەستبەکاربوو، ئاماژەی بەوە کرد، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار یەکێکە لەو کێشانەی کە بە گوتەی خۆی، بەهۆی "سیاسەتە داراییە چەوتەکانی" حکومەتەکانی پێشوو بۆ کابینەکەی ماونەتەوە، دەشڵێت، راستکردنەوەیان "پێویست بە رووبەڕووبوونەوەیەکی بوێرانە و چارەسەری کاریگەر هەیە."
سوودانی بە ئامادەبووانی رێوڕەسمەکەی گوت: "ئێمە ژمارەیەک بڕیاری بوێرانەمان لە ماوەیەکی کورتدا دەرکردن بۆ پشتیوانیکردنی دیناری عێراقی و جێگیرکردنی،" هۆشداریشی بەو کەس و لایەنانەدا کە بە گوتەی خۆی "هەوڵدەدەن قەیرانەکە بقۆزنەوە و یاری بە ئازار و پێداویستییەکانی خەڵک بکەن."
ئەوە لە کاتێکدایە کە 10ی کانوونی دووەمی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە پابەندکردنی سەرجەم دامودەزگە حکومییەکان بە فرۆشتنی سەرجەم کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی نێوخۆی عێراق بە دینار؛ هەروەها بڕیاریدا کە فرۆشتنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی کەرتی تایبەتیش بە دیناری عێراقی بن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "بەهای دۆلار لە ئەنجامی بڕیاری حکومەتەوە بەرزنەبووەتەوە، بەڵکو بەهۆی ئەوەیە کە هەندێ کەس دۆخی کاتی و ناجێگیریی بازاڕەکانیان قۆستووەتەوە کە هێشتا ئەو بازاڕانە لەگەڵ رێکار و میکانیزمە بانکییە نوێیەکان ئاشنا نین کە پارێزگاری لە سامانی گەل دەکەن، کە ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە لەسەر رێگەی چاکسازیی ئابووری."
دەقی قسەکەی محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی نرخی دۆلار :
"حکومەت بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ ئاڵوگۆڕی دۆلار بۆ نرخی فەرمیی خۆی. ئەمە بەشێکە لە کۆمەڵە بابەتێکی ئابووری کە پێویستی بە رووبەڕووبوونەوەیەکی بوێرانە و چارەسەری کاریگەرە بۆ کۆتاییهێنان بەو سیاسەتە داراییە هەڵەیانەی لە حکومەتەکانی پێشوو بۆ حکومەتی ئێستا ماونەتەوە. ئێمە ژمارەیەک بڕیاری بوێرانەمان لە ماوەیەکی کورتدا دەرکرد بۆ پشتیوانیکردنی دیناری عێراقی و جێگیرکردنی. هۆشداریش بەوانە دەدەین کە هەوڵدەدەن قەیرانەکە بقۆزنەوە و یاری بە ئازار و پێداویستییەکانی خەڵک بکەن. بەهای دۆلار لە ئەنجامی بڕیاری حکومەتەوە بەرز نەبووەتەوە، بەڵکو بەهۆی ئەوەیە کە هەندێ کەس دۆخی کاتی و ناجێگیریی بازاڕەکانیان قۆستووەتەوە کە هێشتا ئەو بازاڕانە لەگەڵ رێکار و میکانیزمە بانکییە نوێیەکان ئاشنا نین کە پارێزگاری لە سامانی گەل دەکەن، کە ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە لەسەر رێگەی چاکسازیی ئابووری."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ