وەزارەتی بەرگریی عێراق 30٪ی میلاکی پلەکان کەمدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای بڕیارەکەی مستەفا کازمی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەبارەت بە راگرتنی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەران، وەزیری بەرگریی عێراق لیژنەیەک لەبارەی پۆستی ئەفسەرە پلە باڵاکان پێکدەهێنێت و دەڵێت: لە کۆی گشتیی میلاکی ئێستا، 30٪ی پلەکان کەم دەکەنەوە.
بەپێی نووسراوێکی جومعە عناد، وەزیری بەرگریی عێراق بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە کەمکردنەوەی نادیسپلینی و میلاکی تایبەت بە وەزارەتی بەرگری، بڕیاریانداوە لیژنەیەک پێکبهێنرێت، ئەرکی ژماردنی سەرجەم پۆستی پلەکانی فەریق، لیوا و عەمید بێت لە چوارچێوەی میلاکاتی سوپا و سەرجەم بەشەکان ئەمینداری رازگری گشتی، سەرۆکایەتیی سوپا سالار، نووسینگەی ئەمینداریەتی گشتی، فەرمانگەی یاسایی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگری و ئاسایش و 30٪ پلەکانی ئێستای میلاک کەم دەکرێنەوە.
مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، کارکردنی بە بڕگەیەکی یاسای خزمەت و خانەنشینی سەربازی راگرت کە تایبەتە بە بەرزکردنەوەی پلەی سەربازی ئەو کەسانەی بەدەر لە یاسا پلەیان بەرزدەکرێتەوە.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقی بڕیاریدا کارکردن بە ماددەی (16/ بڕگەی دووەم) لە یاسای خزمەت و خانەنشینی سەربازی ژمارە 3ی ساڵی 2010 رابگیرێت، ئەوەش بەمەبەستی دانانی میکانزمێکی تەواو لەبارەی بابەتی پلە سەربازییەکان و نادیسپلینی و بێ بەرنامەیی لە پێدانی پلەکاندا.
فەریق روکن محەممەد حەمید کازم، سکرتێری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە نووسراوی فەرمی، وەزارەتی بەرگری، ئەمینداریەتیی رازگری گشتی، دەزگای دژە تیرۆری لەو بڕیارە ئاگادارکردووەتەوە.
د. ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە رابردوودا، بێسەربەری و نادادی هەبووە، لە پێدانی پلەی سەربازی و بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەران دا، بۆیە ئەو هەنگاوەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بۆ دووبارە رێکخستنەوەی بەرزکردنەوەی پلەی سەربازی و رێگریکردنە لە هەر نادروستییەک کە کراون و دەکرێت.
بەپێی بڕگەی 2 لە ماددەی 16دا، لە یاسای خزمەت و خانەنشینی سەربازی ژمارە 3ی ساڵی 2010 پلەی سەربازی بە دەر لەیاساکە بەرزدەکرێتەوە، ئەگەر سەلمێنرا ئەو ئەفسەرە توانایەکی ناوازە، یاخود دەستکەوتێکی زانستی بەرچاوی بەدەستهێناوە یان قوربانیداوە لە ئەنجامی ئەرکەکەی و خزمەتکردنی سوپا و نیشتماندا.