رووداو - هەولێر
پرۆگرامی خۆراکی جیهانی سوهێر قەیسی کچە رۆژنامەڤان و بێژەری ناوداری هەواڵی عێراقیی، وەک یەکێک لە ناودارانی جیهانی هاوبەشی پرۆگرامەکە لە عێراق دەستنیشانکرد.
لە هەواڵێكدا كە تایبەت بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو)ی ناردووە، سوهێر قەیسی لەبارەی بەشداریەکەوە دەڵێت "عێراق لەبەردەم کۆمەڵێک تەحەدای گەورەدایە، بەهیواوە دەڕوانم لەكاركردنم لەگەڵ پرۆگرامی خۆراکی جیهانی بۆ تیشك خستنە سەر دۆخی قورسی مرۆیی كە عێراقییەكان تێیدا دەژین، وە چۆن پرۆگرامەكە كاردەكات بۆ هاوكاری كردنیان، مانەوەیان و بنیاتنانەوەی ژیانی داڕووخاویان".
بەو رۆڵە نوێیەی سوهێر قەیسی پاڵپشتی پرۆگرامەکە دەکات بۆ بەدەستهێنانی هاوکاری و خواردەمەنی بۆ ئەو خێزانانەی تووشی زیان هاتوون و رووبەڕووی جێهێشتنی ماڵەکانیان بوونەتەوە.
لە عێراقدا سێ ملیۆن و 200 هەزار هاووڵاتی بەناچاری ماڵەکانیان جێهێشتوە و پێویستیان بەهاوکاریی مرۆیی و خۆراکە بۆ بەردەوامی ژیانیان.
جین بێرس، نوێنەری پرۆگرامی خۆراکی جیهانی و بەڕێوەبەری لقی عێراقی پرۆگرامەکە رایگەیاند "دڵخۆشین بەبەشداری سوهێر قەیسی وەک هاوبەشێکی پرۆگرامەکە لە ئەستێرەکان لەم کاتە دژوارەدا".
گوتیشی "ئەو دەتوانێت هاوکاربێت لەباسکردنی میحنەتی سەدان هەزار کەس کە بەدەست شەڕ و ئاوارەیییەوە دەناڵێنن و پێویستیان بە هاوکاری خۆراکییە تاوەکو بتوانن لەسەر ژیان بمێننەوە".
پرۆگرامەکە پشت بەهاوکاریی خۆبەخشەکان و پاڵپشتی وڵاتان و کۆمپانیاکان دەبەستێت لەپێشکەشکردنی خواردەمەنیدا بۆ ئەو خێزانانەی رووبەڕووی كۆچ و نەبوونی خۆراكی پێویست دەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ