گواستنەوەی عێراق: ساڵی داهاتوو 80 هێڵی گواستنەوەی گشتیی پاس بۆ پارێزگاکان دابین دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، ساڵی داهاتوو هێڵەکانی گواستنەوەی گشتیی پاس لە بەغدا دەگەیێنینە 72 هێڵ و 80 هێڵیش لە سەرجەم پارێزگاکاندا کارا دەکەن.
ئەمڕۆ هەینی، 20ـی کانوونی یەکەمی 2024، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا 43 هێڵی گواستنەوەی گشتیی پاسمان لە بەغدا کارا کردوون و تاوەکو سەرەتای ساڵی 2025ـیش چەندین هێڵی دیکە کارا دەکەین. ئێستا خاوەنی 600 پاسین. لەگەڵ زیادکردنی هێڵەکان پێویستمان بە پاسی دیکە دەبێت و هاوردەیان دەکەین."
مەیسەم سافی گوتیشی: "پلانمان وایە لە ساڵی داهاتوودا ژمارەی هێڵەکانی گواستنەوەی گشتیی پاس لە بەغدا بگەیێنینە 72 هێڵ و لە سەرجەم پارێزگاکانی دیکەش 80 هێڵ کارا دەکەین."
ئەو پاسانەی وەکو هێڵی گواستنەوەی گشتی لە عێراقدا کاریان پێدەکرێت، دروستکراوی ئەڵمانیا و چینن و دوو نهۆمین؛ رەنگەکەیان سوور و رەشە و لە بەشی پێشەوەیدا ژمارەیەکی تایبەتی لێدراوە، کە هەر ژمارەیەک تایبەتە بە گەڕەک و ناوچەیەکی دیاریکراو.
نرخی کرێی هاتووچۆکردن بەو پاسانە بەگوێرەی گەڕەکەکان دەگۆڕێت، کە بەشێوەیەکی گشتی لەنێوان 500 بۆ 1000 دیناردایە.