رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند، پرۆسەى خەرجکردنى پارە بۆ کەسوکاری شەهیدانى شارەکە بە خاوى بەڕێوەدەچێت و بەشێکی کەم لە کەسوکاری شەهیدان ئەو پارەیەیان پێدراوە.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بە هۆى خاو بەڕێوەچوونى رێکارەکان کە لە ساڵى 2019ـەوە دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستا 10 بۆ 15%ـی مامەڵەى قەرەبووى شەهیدانى شارەکە خەرج کراوە.
پارەى شەهیدانى شەڕى داعش لە نەینەوا ئەوانە دەگرێتەوە کە لە نێوان 2014 بۆ 2017 لە شارەکە کوژراون. ئەو کەسانەى ئەندامى هێزى ئەمنى یان فەرمانبەرى فەرمى بووبن پێنج ملیۆن دینار دەدرێتە واریسیان، هاووڵاتییانى دیکەش سێ ملیۆن دیناریان پێدەدرێت.
محەممەد کاکەیی گوتی: یەکێک لە بەربەستەکانى بەردەم بەڕێوەچوونی مامەڵەکان، وردبینى ئەمنى بوو، بۆ ئەو کەسانە دەکرا هاوکارییەکە دەیگرتنەوە، بەڵام توانرا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت."
قەرەبووکردنەوەى موڵک و ماڵى زیانلێکەوتووانى دەستى داعش لەو پارێزگایە، قۆناخێکى زیاترى بڕیوە.
سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند، 80%ـی ئەو خێزانانە قەرەبوو کراونەتەوە کە بەهۆى شەڕى داعشەوە زیان بەر موڵکوماڵیان کەوتووە و چوار بانک رۆژانە مامەڵەى 700 کەس بەڕێدەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ