لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا سێ بەربژێری کاکەیی دەرچوون

20-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەرچەندە هیچ کورسییەکیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لەو پارێزگایانە بۆ تەرخاننەکرا، کە ئەوانی لێیە، بەڵام سێ بەربژێریان بۆ پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە سەرکەوتن، یەکێک لەو بەربژێرە سەرکەوتووانە دەڵێت، "کورد و عەرەب و موسوڵمان و خەڵکی دیکەش دەنگیان پێداوین". سەرۆکی رێکخراوی (Methra) بۆ رۆشنبیری یارسانی دەڵێت، "چەندین ساڵە داکۆکی دەکەین بۆ ئەوەی کورسیی تایبەتمان لە پەرلەمانی عێراق و کوردستان هەبێت".
 
رۆژی سێشەممە 20-12-2023، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی راگەیاند، بەپێی ئەنجامەکان سێ بەربژێری کوردی کاکەیی لە پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە و نەینەوا لەنێو بەربژێرانی سەرکەوتوودان.
 
هەرچەندە بەپێی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی عێراق ژمارە 12ـی ساڵی 2023، لە کۆی 285 کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، 10 کورسی لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، بەسرا، میسان، واست، بەغدا بۆ پێکهاتەکانی، کریستیان، فەیلی، شەبەک، ئێزدی، سابیئەی مەندایی. تەرخانکرا، هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەی کاکەیی تەرخاننەکرا کە لە کەرکووک، نەینەوا، دیالە هەن.
 
بەڵام هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان 9 بەربژێری کاکەییان هەبوو، یەکێک لەو بەربژێرانە لە کەرکووک کشایەوە، بەڵام هەشت بەربژێریان رکابەرایەتییان بۆ بەدەستهێنانی کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کرد، سێ لەو بەربژێرانە سەرکەوتن و ئەوانیش:
 
-هۆشیار هیجران ئاغا (یەکێتی) لە کەرکووک، 5961 دەنگ
-محەممەد جاسم کاکەکەیی (یەکێتی): نەینەوا، 3033 دەنگ
- سەباح کەریم کاکەیی (یەکێتی): دیالە 2230 دەنگ
 
سەباح کەریم کاکەیی، شەوی چوارشەممە، 20-12-2023، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "راستە ئێمەی کاکەیی کورسییمان بۆ تەرخاننەکرابوو، بەڵام خۆشبەختانە توانیمان سەربکەوین، ئێمە جگە لە پێکهاتەکەی خۆمان و کورد خەڵکی دیکەش لە دەرەوەی ئێمە لە عەرەب و ئایینی دیکەش دەنگیان پێداوین و لە خزمەتی هەموواندا دەبین وەکو یەک، دڵخۆشین بە سەرکەوتنی نوێنەرانی کاکەیی".
 
جگە لە بەربژێرە سەرکەوتووەکان کە توانیویانە دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، ئەم بەربژێرە کاکەییانەش هەبوون و نەیانتوانی سەربکەون ئەمانەن:
 
-عەدنان محەممەد حوسێن کاکەیی (پارتی): کەرکووک، 1828 دەنگ
-ئەفراح حوسام حوسێن (پارتی): نەینەوا، 2279 دەنگ 
-ئاڤان ئازاد کاکەیی (پارتی): دیالە، 460 دەنگ
-یاوەر شوکور وەلی کاکەیی (پارتی): کەرکووک، 951 دەنگ
-مەسعود مەلا پەروێز (پارتی بوو کشایەوە و بووە یەکێتی): کەرکووک، 240 دەنگ
-حەنان ئەسعەدوڵڵا یارنەزر( پارتی)، دیالە: 574 دەنگ 
 
رەجەب کاکەیی، سەرۆکی رێکخراوی (Methra) بۆ رۆشنبیری یارسانی، لەبارەی سەرکەوتنی ئەو بەربژێرانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرکەوتنی کاکەییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دڵی هەموو کوردی پێخۆش دەبێت، ئەوان رۆڵەی بە ئەمەک دەبن بۆ خزمەتکردنی ناوچەکانیان، ئێمە ئومێدمان دەکرد کورسیی خۆمان لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەبێت، بەڵام دەمێکە هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی کورسیی خۆمان لە پەرلەمانی عێراق هەبێت، لە پەرلەمانی کوردستانیش، ئەوە پێویستییەکە کاری لەسەر دەکەین، سەرکەوتنی بەشێک لە کاکەییەکان هۆکاری زۆری هەبوو، بەشێکی کاکەییەکان خۆیان، ئینجا ئەو کەشی هێمنییەی هەبوو، هیچ کەس و لایەنێک قسەی ئەوتۆی زبری نەکرد، بەتایبەت لەنێوان ئێمە و رۆڵەکانی ئایینی ئیسلام".
 
کاکەییەکان یان یارسانەکان یەکێکە لە پێکهاتەکانی ئایینی کە خۆیان بە کورد دەزانن، لە زۆر شوێنی کوردستاندا بڵاوبوونەتەوە، جگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستانیش هەن.
 
 ئامارێكی تەواو لەبارەی ژمارەی كاكەییەكان لە هەرێمی كوردستاندا نییە، بەڵام ژمارەیان بە نزیكەی 200 هەزار كەس دادەنرێت و لە هەڵەبجە و هەولێر و گەرمیان و كەركووك نیشتەجێن، جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆر لە كاكەییش لە باكوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستاندا هەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت