لووتکەی بەغدا 2 لە عەممان بە بەشداریی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەوروپا کۆتاییهات
رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەکانی بەشێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەوروپا رۆژی سێشەممە لە عەممانی پایتەختی ئوردن لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق، کۆبوونەوە.
بەرپرسانی باڵای هەردوو نەیاری هەرێمیی سعودیە و ئێران لەگەڵ سەرکردەکانی فەرەنسا، عێراق، تورکیا، میسر، کوێت، بەحرێن، ئیمارات و یەکێتیی ئەوروپا لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار بوون، کە بە گوتەی خۆیان، ئامانجیان پێشاندانی "پشتیوانییە بۆ سەروەری، ئاساییش، سەقامگیری، پڕۆسەی سیاسی و ئابووری و بەرەوپێشچوونی عێراق."
سەقامگیری و ئاساییشی عێراق ماوەی دوو دەیەیە بەهۆی ململانێی نێوخۆیی و دەرەکییەوە شێواوە. ئۆپەراسیۆنی ساڵی 2003ی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر عێراق، چەندین ساڵی پڕ لە تووندوتیژی و شەڕی تایفەگەریی بەدوای خۆیداهێنا، لە نێویشیاندا دروستبوونی داعش و بەهێزبوونی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە ئێران پشتیوانییان دەکات.
تاوەکو تشرینی یەکەمیش، عێراق بەدەست چەقبەستنێکی سیاسییەوە گیریخواردبوو کە تێیدا پارتەکانی لایەنگری ئێران و دژبەرەکانیان بە سەر دوو بەرەدا دابەشببوون.
سوودانی: بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کاری لەپێشینەیە
محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە دوای یەک ساڵ لە بنبەستی سیاسی، لە کۆتایی تشرینی یەکەم دەستبەکاربوو، گوتی "شەڕی دژی گەندەڵی" کاری لەپێشینەیە بۆ کابینەکەی.
سوودانی گوتی: "ئێمە بە شێوەیەکی کۆنکرێتی دەستمانکردووە بە هەڵمەتێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و لەو کەسانەوە دەستمان پێکردووە کە لە باڵاترین پۆستدان."
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وڵاتانی بەشداربووی کۆنفرانسەکە کرد یارمەتیی وڵاتەکەی بدەن "ئەو پارەیە بگەڕێننەوە کە بەتاڵان بردراوە یان بەشێوەیەکی نایاسایی بردراوەتە دەرەوە."
ماکرۆن: رێگەبدەن عێراق رێچکەی خۆی بدۆزێتەوە
کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممە درێژکراوەی "کۆنفرانسی بەغدا بۆ هاریکاری و هاوبەشی"ـە کە ئابی ساڵی رابردوو لە بەغدا بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی فەرەنسا بەڕێوەچوو.
ماکرۆن رۆژی سێشەممە داوای کرد رێگە بە عێراق بدرێت خۆی رێچکەی خۆی بدۆزێتەوە، نەوەک لە دەرەوە لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بۆی دیاریبکرێت.
ماکرۆن لە کۆنفرانسەکەی هاوینەهەواری سوەیمە لەسەر دەریایی مردوو باسی لەوە کرد، پێویستە بە شێوەیەک یارمەتیی سەقامگیری و ئاساییشی عێراق بدرێت کە "جۆرێک نەبێت لە هەژموونی دەرەکی، ئیمپریالیزم یان شێوازێک کە لە دەرەوە بۆی دیاریکرابێت."
لەم ساڵانەی دواییدا، پاریس رۆڵێکی کارای لە ناوچەکەدا گێڕاوە هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی لوبنان.
ماکرۆن لە کۆنفرانسەکەدا گوتی، فەرەنسا پابەندە بە سەقامگیریی ناوچەکەوە کە بە گوتەی خۆی بە دەست "بنبەست، دابەشکاری، دەستوەردانی دەرەکی و کێشەی ئەمنییەوە دەناڵێنێت."
سەرۆککۆماری فەرەنسا گوتی: "بە لەبەرچاوگرتنی دەیەکانی رابردوو، عێراق یەکێکە لە قوربانییانی سەرەکیی ناسەقامگیریی هەرێمی. پێویستە بتوانین بەسەر دابەشکارییەکانی ئێستا زاڵبین."
ماکرۆن هاوکات ئاماژەی بەوە کرد: "ئەمڕۆ عێراق بووەتە شوێنی هەژموونەکان، لەشکرکێشیەکان و ناسەقامگیری کە پەیوەندییان بە هەموو ناوچەکەوە هەیە."
شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردن لە گوتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا گوتی، کۆبوونەوەکە "لە کاتێکدایە کە ناوچەکە رووبەڕووی قەیرانی ئەمنی و سیاسی دەبێتەوە،" لە پاڵ مەترسییەکانی نەبوونی تێکچوونی ئاساییشی خۆراک، ئاو، تەندروستی و وزە و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
لەم چەند رۆژەی رابردوودا، ئوردن رووبەڕووی کێشەی نێوخۆ بووەوە دوای ئەوەی کە شۆفێری بارهەڵگرەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی مانیانگرت و لە گرژییەکاندا ئەفسەرێکی پۆلیس کوژرا. لە ئەنجامی ئەوەدا، لە باشووری ئەو وڵاتە، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر شوێنێک بۆ دەستگیرکردنی گومانلێکراوێک، بەڵام سێ ئەفسەری دیکەی پۆلیس و گومانلێکراوەکەش کوژران.
کۆبوونەوەی نێوان سعودیە و ئێران رووینەدا
بەم دواییانە، بەغدا هەوڵیدا رۆڵی نێوەندگیر لە نێوان ئێران و سعودیەدا بگێڕێت. بەڵام دوای ژمارەیەک کۆبوونەوەی نێوانیان لە عێراق، گفتوگۆکان وەستان، لە کاتێکدا کە تاران ریاز تۆمەتبار دەکات بە هاندانی خۆپێشاندانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.
هیچ کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعودیە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا بەڕێوەنەچوو، بەڵام هەریەکەیان بە جیا گوتاری خۆی پێشكێشكرد.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، سیاسیەتی ئێران "بریتییە لە خۆبەدوورگرتن لە جەنگ و کارکردن لە پێناو گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری"ی ناوچەکە و ئێران "ئامادەیە پەیوەندی لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکەدا دروستبکات، لە نێویشیاندا وڵاتە دۆستەکانی کەنارەکانی باشووری کەنداوی فارسی."
هەروەها ئامادەیی ئێرانیشی پێشاندا بۆ گەڕانەوە بۆ نێو رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 "بە لەبەرچاوگرتنی نەبەزاندنی هێڵە سوورەکان."
بۆ ماوەی سێ مانگ، خۆپێشاندانی گەورە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدرا؛ تاران تۆمەتبار دەکرێت بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران و سزای لەسێدارەدانی بۆ ژمارەیەک خۆپێشاندەر دەکردووە کە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی شاری سەقز دوای دەستگیرکردنی بە تۆمەتی نەگونجانی سەرپۆشەکەی لە لایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە، لە دەستبەسەریدا گیانی لەدەستدا.
هێرشەکانی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر عێراق
فەیسەڵ فەرحان ئال سعود، وەزیری دەرەوەی سعودیە گوتی وڵاتەکەی "جەخت لە رەتکردنەوەی تەواوەتی خۆی بۆ هەر دوژمنکارییەک بۆ سەر خاکی عێراق" دووپاتدەکاتەوە، ئەوەش وەک رەخنەیەک بۆ ئێران کە بەم دواییانە ژمارەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەحمەد ئەبو غەیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی داوایکرد، بەغدا لە دەرەوەی ململانێ هەرێمییەکاندا بهێڵدرێتەوە و گوتیشی: "نابێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێکان یان یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان."
پێش ئەوانیش، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی دەیەوێت "پەیوەندیی بەهێز و داپەروەرانەیان هەبێت بۆ پێکەوەکارکردن لەگەڵ هەموو هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان،" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەغدا "لە هەموو جەمسەرەکان و کەشەکانی گرژی دوور دەبێت و سیاسەتی ئارامی و هێورکردنەوەی دۆخ دەگرێتەبەر،" بەڵام هۆشدارییشدا کە "عێراق دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی و زیانگەیاندن بە سەروەری و خاکەکەی قبووڵ ناکات."
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "دەمەوێت جەخت بکەمەوە کە ئێمە چاوەڕوان ناکەین لە خاکی کۆماری عێراقی دۆست و برایینەمان هیچ جۆرە هێرشێک ئاراستەی ئێمە و وڵاتانی دراوسێ بکرێت،" ئەوە لە کاتێکدایە کە ئێران پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بنکە و بارەگاکانیان لە هەرێمی کوردستانن، بە هاندانی خۆپێشاندانەکانی نێوخۆی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات.
هەروەها ئیسماعیل ئەرماز، باڵیۆزی تورکیا لە ئوردن لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار بوو.
باڵیۆزی تورکیا گوتی، ئەنقەرە "پابەندە بە سەقامگیریی عێراق"، بەڵام هۆشداریشی دا و گوتی: "ناتوانین بەرامبەر هێرشی تیرۆریستی زیاتر ئارامبگرین کە لە خاکی وڵاتانی دراوسێوە دەکرێنە سەر وڵاتەکەمان. چاوەڕێ دەکەین هەموو هاوڕێ، دراوسێ و هاوبەشەکانمان هەنگاوی جیدی لەمبارەیەوە بنێن."
گفتوگۆی ئەوروپییەکان و عەبدوڵڵاهیان
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، ئەو کەسەی کە رۆڵی نێوەندگێڕی لە گفتوگۆکانی کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیدا بینیوە، لە کۆنفرانسەکەی سەر دەریای مردوو بەشدار بوو.
پێش دەستپێکردنی کۆنفرانسەکە، بۆرێل لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان کۆبووەوە.
بۆرێل گوتی، گفتوگۆکردن لەگەڵ تاران "پێویستە لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا و ئێران لە خراپبووندان."
هاوکات کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی، بە کورتی قسەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێراندا کردووە و داوای لێکردووە تاران حەوت "بارمتەی" فەرەنسی ئازاد بکات و رێز لە مافە مەدەنی و سیاسییەکان بگرێت.
کۆلۆنا هەرەوها داوایکرد سەرۆکێک بۆ لوبنان "بە خێرایی هەڵبژێردرێت" و حکومەتێکی نوێ پێکبهێندرێت بۆ ئەوەی "ئەو چاکسازییانە ئەنجامبدات کە زۆر پێویستن."
ئێستا لوبنان لە لایەن حکومەتێکی کاربەڕێکەرەوە بەڕێوەدەبردرێت و وڵاتەکە ماوەی زیاتر لە مانگێکە بێ سەرۆکە.
لووتکەکە چی لە عێراق دەگۆڕێت؟
ریاز خەواجی، بەڕێوەبەری پەیمانگەی شیکارە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی نزیک و کەنداو دەڵێت: "ئەم لووتکەیە ئامانجی گەورەی هەیە، بەڵام هیچ کەس چاوەڕێی پەرچوو ناکات."
خەواجی ئاماژە بەوە دەکات کە رۆڵی فەرەنسا وەک نێوەندگیر گرنگە، لە کاتێکدا کە پاریس "بە نوێنەرایەتیی وڵاتانی رۆژئاوا پردی پەیوەندی لەگەڵ ئێران هێشتووەتەوە، بە تایبەتی کە دانوستاندنەکانی ڤییەننا بە بنبەست گەیشتوون."
خەواجی باس لەوە دەکات، "تێوگلانی ئێران لە شەڕی ئۆکراینا بە دابینکردنی درۆن بۆ رووسیا، دانوستاندنەکانی هێندەی دیکە ئاڵۆزکردووە."
ئەم کۆنفرانسە هاوکات بە تاقیکردنەوەیەک بۆ سوودانی دادەنرێت کە بەراورد بە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی خۆی پەیوەندی نزیکتری لەگەڵ تاراندا هەیە.
ئەمە یەکەمین کۆنفرانسی دیاری نێودەوڵەتیی سوودانی بوو.
حەمزە حەداد، لێکۆلینڤانی پەیمانگەی ئەنجوومەنی ئەوروپی بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژە بەوە دەکات کە لووتکەی یەکەم لە ساڵی 2021 مەبەست لێی ئەوە بوو رێگە بە کازمی بدرێت پێشانیبدات کە دەتوانێت "سەرکردەی وڵاتە دراوسێکان لەگەڵ یەک لە بەغدا کۆبکاتەوە، بە تایبەتی سەرکردەی وڵاتانی کەنداو."
حەداد باس دەڵێت، لووتکەی ئەمجارە دەرفەتێکە بۆ سوودانی بۆ ئەوەی پێشانیبدات دەتوانێت "ئەو پەیوەندییانە بپارێزێت و پێشانیبدات کە بەند نین لەسەر پەیوەندییە کەسییەکان."