کۆنفرانسی دووەمی بەغدا بۆ هاریکاری و هاوبەشی لە ئوردن بەڕێوەدەچێت
رووداو - هەولێر
کۆنفرانسی دووەمی بەغدا بۆ هاریکاری و هاوئاهەنگی لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەدەچێت. لە پاڵ عێراق، فەرەنسا، ئوردن، میسر، کوێت، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، عومان، بەحرێن و ئێران، چاوەڕوان دەکرێت تورکیاش لە کۆنفرانسەکە بەشدار بێت.
کۆنفرانسەکە لە عەممانە، بەڵام بە ناونیشانی "کۆنفرانسی بەغدایە بۆ هاریکاری و هاوبەشی" کە درێژکراوەی کۆنفرانسی مانگی ئابی ساڵی رابردووی پایتەختی عێراقە. بە گوێرەی وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئامانج لێی بەهێزکردنەوەی پێگەی عێراقە لە ناوچەکەدا.
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن لەبارەی کۆنفرانسەکە رایگەیاند "ناونیشانی سەرەکیی ئەم کۆنفرانسە ئەوەیە کە چۆن پێکەوە کاربکەین لە پێناو پشتیوانیکردنی عێراق؛ پشتیوانیکردنی ئاساییشەکەی، سەقامگیرییەکەی، ئابوورییەکەی و دەستکەوتەکانی."
بە گوتەی د.فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کە بۆ رووداو قسەی کرد، دەیانەوێت کۆنفرانسەکە بکەنە دەرفەتێکی گفتوگۆ بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئەنەقەرە و تاران بۆ سەر عێراق.
د.فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا کە رۆژی دووشەممە لە رووداو پەخشکرا گوتی " بە دڵنیاییەوە باسی سەروەریی عێراق دەکرێت، بەڵام هەرکەس واتای سەروەری چۆن تێدەگات، ئەمە شتێکی دیکەیە، پێویستە ئێمە ئەگەر سەرۆککۆماری تورکیا یان وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە هاتە کۆنگرە، لەگەڵیان باس بکەین. وەزیری دەرەوەی ئێران هەواڵی ناردووە کە بەشدار دەبێت، بە دڵنیاییەوە لەگەڵی باس دەکەین."
ئاساییشی خۆراک، دەرمان و وزەی ناوچەکە و جیهان، تەوەری دیکەی کۆنفرانسی دووەمی بەغدان لە عەممان کە فەرەنسا سەرپەرشتی دەکات.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆتایی هەفتەی رابردوو لە برۆکسل بە ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداوی گوت، چاویان لەوەیە لەم کۆنفرانسەدا تاوتوێی خۆپێشاندانەکانی ئێرانیش بکەن.