سوودانی: داتاکانی سەرژمێری ورد و باوەڕپێکراو دەبن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا سەردانی ناوەندی تۆمارکردنی سەرژمێریی کرد و رایگەیاند، حکومەتەکانی پێشوو زۆر هەوڵیان دا سەرژمێری بکرێت، بەڵام نەتوانرا؛ گوتیشی داتاکانی سەرژمێری زۆر ورد و باوەڕپێکراو دەبن.
ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2024)، محەممەد شیاع سوودانی لە ناوەندی تۆمارکردن و کۆکردنەوەی داتاکانی سەرژمێری، دوای گوێگرتن لە وەزیری پلاندانانی عێراق سەبارەت بە چۆنیێتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، گوتارێکی پێشکێشکرد.
سوودانی ستایشی رۆڵی سەرجەم کارمەندەکانی تیمی کاری هەردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد.
سوودانی رایگەیاند، "پرۆسەکە بەشێوەیەکی رێکوپێک، گونجاو و گشتگیر بەڕێوەدەچێت، کە دەستەکەوتێکی پەکخراو بوو لە چەندین دەیەی رابردوودا. بۆیە شایەنی ئەوەیە بە رۆژێکی مێژوویی ناوی ببەن."
سوودانی گوتیشی، "ئەمە رۆژێکە عێراقێکی نوێ بونیات دەنێت لەسەر بنەمای شیکاری ورد بۆ سەرجەم داتاکان هەر لە تاکەکانی کۆمەڵگەوە بگرە تاوەکو دەگاتە بوارەکانی دیکەش. هاوکات دەبێتە فاکتەری یاریدەدەر بۆ سەرجەم بڕیاربەدەستان لە دانانی پلان و بەرنامە، سیاسەتی گەشەپێدان، خزمەتگوزاری، ئابووری، کۆمەڵایەتیی و تەنانەت سیاسیش."
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە رۆڵی حکومەتەکانی پێشووتری عێراق کرد کە نەیانتوانی پرۆسەکە جێبەجێ بکەن، گوتی "دەبێ سوپاسی هەموو وەزارەتەکانی پێشوو لە حکومەتەکانی پێشووتر بکەین، هەموویان هەوڵیان دا بۆ ئەوەی پرۆسەکە جێبەجێ بکەن. هەموو حکومەتەکان هەوڵیان دا و زۆربەشمان شایەتی هەوڵەکانیان دەدەین. هەموو حکومەتەکانی پێشووتر هەوڵیاندا ئەم دەستکەوتە گەشەپێدانە بکەن، بەڵام چەندین هۆکار هەبوون ئاستەنگیان خستە بەردەم پرۆسەکە. ویستی خوای گەورە وابوو، ئەم کارە لە پشکی ئێمە بێت و ئەم دەستکەوتە گەورەیە ئێمە بکەین."
سەرۆکوەزیرانی عێراق تیشکی خستە سەر ئەوەی کەسانێک هەبوون هەواڵی ناڕاستیان دەورووژاند و داوایان لە خەڵک دەکرد زانیاریی دروست بە بژمێرەکان نەدەن، لەبەرئەوەی لە داهاتوودا لە رووی پێدانی باج و دڵنیایی کۆمەڵایەتییەوە، زیانیان پێدەگات.
لەوبارەیەوە سوودانی گوتی، ئاستی هۆشیاریی خەڵک رێگەخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی گوێ بەم جۆرە پڕوپاگەندانە نەدەن.
سوودانی باسی جیاوازیی ئەو سەرژمێرییەی لەگەڵ سەرژمێرییەکانی رابردوو کرد و گوتی "لەیادمە لە ساڵی 1997 فەرمانبەر بووم، زانیارییەکانمان لەسەر کاخەز پڕ دەکردەوە و سەرژمێریمان دەکرد. کەچی ئەمڕۆ بەم گشتگیرییە و بە پشتبەستن بە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو و گواستنەوەی خێرای زانیارییەکان، کاتێکی زۆری بۆ گەڕاندینەوە، ئەمە جگە لەوەی قۆناخی زۆر خێراشی بڕی و تێچووەکانیشی کەمکردەوە و متمانەی زیاتریش بە گواستنەوەی داتاکان دەبەخشێ؛ کە دواتر بەپێی پێویست زانیارییەکان شیدەکرێنەوە."