سوودانی چارەسەرکردنی کێشەی کۆڕەک تێلێکۆم بە لیژنەیەکی پەرلەمان دەسپێرێت

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەرکی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، بە لیژنەیەکەیان سپێدراوە و ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەری هەردوولا کۆبوونەتەوە، دەشڵێت: "بڕیارە لە ماوەی 15 رۆژدا کێشەکان چارەسەربکرێن."
 
رۆژی دووشەممە، 20-11-2023 کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەسەر راسپاردەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەکەی ئێمە راسپێردراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی لەنێوان هەردوو لایەنی کێشەکە هەیە، ئێمەش دۆسیەمان بۆ کردوونەتەوە و ئەمڕۆش لەگەڵ نوێنەرانی هەردوولا کۆبووینەوە و گوێمان لێگرتن، ژمارەیەک راسپاردەمان بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشەیە ئاراستەی سەرۆکوەزیران کردووە."
 
کاروان یاروەیس گوتی "وا بڕیارە لە ماوەی 15 رۆژدا، هەردوولا بگەنە رێککەوتن و بەپێی ئەو راسپاردانەی ئێمە بەرزمانکردوونەتەوە، دەبێت قەرزەکانی سەر کۆڕەک بەپێی خشتەیەک بدرێنەوە، لەبەرامبەردا مافەکانی کۆمپانیاکە بدرێنەوە و سزاکانی لەسەر هەڵبگیرێت."
 
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا بەهۆی راگرتنی پەیوەندیی نێوان کۆڕەک تێلێکۆم و کۆمپانیاکانی دیکە، کۆمپانیاکانی دیکە و بەشێک لە دامەزراوەکان زیانیان بەرکەوتووە و پەیوەندییەکان نەماون. کاروان یاروەیس گوتی "تەنیا ئەو 7 ملیۆن و 500 هەزار هاوبەشەی کۆڕەک تێلێکۆم زیانیان بەرنەکەوتووە، بەڵکو راگرتنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو کۆمپانیایە و کۆمپانیاکانی دیکە، زیانی بە کۆمپانیاکانی دیکەش وەکو ئاسیاسێڵ و زەینیش گەیاندووە."
 
بەپێی نووسراوێکی کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، کە رۆژی (چوارشەممە، 1-11-2023) بە ژمارە 2/ر/1/160675، بە ناونیشانی "پچڕانی پەیوەندیی نێوخۆیی"، ئاراستەی هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئەسیر بۆ پەیوەندییەکان و ئاسیاسێڵی کردووە، داوایان لێدەکات بەپێی فەرمانی ژمارە 65ـی ساڵی 2004ـی بەرکار و گرێبەستەکانی واژۆکراو لەگەڵ کۆمپانیاکانی مۆبایل، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تۆڕی پەیوەندییەکانی نێوخۆیی کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم بپچڕێنن.
 
کۆمیسیۆنەکە هۆکاری بڕیارەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ "کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم دراوە لە رۆژی 30-8-2022ـەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو کۆمپانیایە وەڵامدانەوەی بۆ بڕیارەکانی دادگە کە لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەو ئاگادارکردنەوە و هۆشدارییانە نەبووە، کە لە کۆمیسیۆنەکەمانەوە دەرچووە، هەروەها جیددی نەبووە لە دانەوەی ئەو بڕە پارەی زۆرەی کەوتووەتە ئەستۆی."
 
رۆژی یەکشەممە، 22-10-2023، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆمەوە بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە "بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگە، کە لە دادگە تایبەتمەندەکان دەرچووە، لەگەڵ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن و ئەو بڕە پارانەی لەسەر کۆمپانیاکە هەیە و تائێستا نەدراوە، سەرباری هەموو گوتوێژ و دانوستاندنەکان لەگەڵ کۆمپانیاکە چوار خاڵ دەخەینەڕوو کە ئەمانەن: 
 
- دەستەکە فەرمانی کرد بە راگرتنی کڕین و مامەڵەکردنی سیمکارتی نوێی تایبەت بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم.
 
- داوا لە هاووڵاتیان دەکەین هیچ سیمکارتێکی نوێی کۆمپانیای کۆڕەک نەکڕن.
 
- دەستەکە جەختدەکاتەوە پێویستە بریکار و نووسینگەکانی فرۆشتن، هیچ سیمکارتێکی نوێی کۆمپانیاکە نەفرۆشن و مامەڵەی پێوەنەکەن، چونکە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبنەوە.
 
- دەستەکە بەنیازە لەماوەی 10 رۆژدا پەیوەندییەکان لەنێوان کۆمپانیاکە و کۆمپانیاکانی دیکەی مۆبایل لە وڵات ببڕێت، لە رۆژی دەرچوونی ئەم راگەیێندراوەوە تاوەکو ئەو کاتەی کۆمپانیاکە پابەندبوونە داراییەکانی بەجێدەگەیەنێت.
 
رۆژی دووشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2023، کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سەرەڕای "ئەو نادادپەروەرییەی کۆمپانیاکەمان رووبەڕووی بووەتەوە و بەرامبەری کراوە و بەردەوامیشە، هەروەها ئەو هەنگاوە نایاسایییانەی کە لەلایەن کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و میدیاوە بەرامبەرمان گیراوەتەبەر بە نەخستنە رووی راستیی تەواو و پێدانی زانیاری ناتەواو بە دەسەڵاتی دادوەری." 
 
کۆمپانیاکەی بواری پەیوەندی ئاماژە بەوە دەکات، "هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە بڕیار بدات بە داخستنی کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری پەیوەندییەکان کە زیاتر لە حەوت ملیۆن بەشداربووی هەیە." 
 
کورەك تێلێکۆم (Korek Telecom Company For Communication Ltd) یەکێکە لە كۆمپانياکانى خزمەتگوزاریی مۆبايل لەسەر ئاستى عێراق، کۆڕەک وەکو خۆی ئاماژەی بۆ کردووە، لە ساڵی 2000ـەوە بەشێوەیەکی بەرچاو لە باکووری عێراقدا دەستی بە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکانی کرد، کە پێشەنگترین کۆمپانیای گەیاندن بوو، لە 17ـی  ئابی2007 کوڕەك یەکێك بوو لەو سێ کۆمپانیایەی مۆڵەتی کارکردنی لە سەرانسەری عێراق پێدرا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی مۆبایل و، ئێستا خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش بە زیاتر لە 45 ملیۆن کەس لە سەرانسەری وڵات دەکات.