سوودانى دەستلەکارکێشانەوەى سێ وەزیرەکەى تەقەدووم رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەیرانى عێراق داواکاریى دەستلەکارکێشانەوەى وەزیرانى پلاندانان، پیشەسازى و رۆشنبیری سەر بە پارتى تەقەدوومی رەتکردەوە، گوتەبێژى حکومەتى عێراقیش دەڵێت "دەستبەکار دەبنەوە."
 
رۆژی 20ـی تشرینى دووەمى 2023، باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق داواکاریی دەستلەکارکێشانەوەى وەزیرانى پلاندانان، پیشەسازى و رۆشنبیرى رەتکردووەتەوە و هەر سێ وەزیرەکە دەستبەکار دەبنەوە بۆ "خزمەتکردنى هاووڵاتییان." 
 
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامیێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە، کە هاوکات سەرۆکى پارتى تەقدوومە و یەکێکە لە سەرکردە هەرە دیارەکانی سوننە.
 
هەمان رۆژ، وەزیرەکانى ئەو پارتە لە حکومەتى عێراق نامەى دەستلەکارکێشانەوەیان رادەستى محەممەد شیاع سوودانى کرد، وەزیرەکان پێکهاتوون لە ئەحمەد بەدرانى، وەزیرى رۆشنبیرى، محەممەد تەمیم، وەزیرى پلاندانان و خالید بەتال، وەزیرى پیشەسازى.
 
گوتەبێژى حکومەتى عێراق گوتی، هۆکارى رەتکردنەوەى دەستلەکارکێشانەوەی سێ وەزیرەکە "جەختکردنەوەیە لە  کارنامەى حکومەت بۆ گەرەنتیکردنى نوێنەرایەتى سیاسی بۆ هەموو گەلى عێراق بەهەموو پێکھاتەکانیانەوە."