باشیک لە بەرهەمهێنانی زەیتوون یەکەمی عێراقە
رووداو دیجیتاڵ
باشیک لە بەرهەمهێنانی زەیتوون لە یەکەمی سەر ئاستی عێراقە. جووتیارانی بەرهەمهێنانی زەیتوون دەڵێن، نەبوونی پاڵپشتی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، وادەکات کێڵگەکانیان جێبهێڵن.
عەلی جەرجیس، جووتیارێکی کوردی شەبەکە، 34 ساڵە باغی زەیتوونی هەیە. بەرهەمێکی زۆری هەیە، بەڵام دەڵێت، پشتیوانی کەمی حکومەت، رەنج بەخەساری کردوون.
عەلی جەرجیس دەڵێت، "ئەو جووتیارانەی باری داراییان خراپبوو، وازیان لە کێڵگەکانیان هێنا. بەشێک لە جووتیاران زەیتوونەکانی هەڵقاند و زەوییەکەی کردە شوێنی نیشتەجێبون، یانش زەوییەکەی فرۆشتووە بە بازرگانان بۆ کاری دیکە، هاوردەکردنی زەیتوونیش کاریگەریی زۆری لەسەرمانە و حکومەتیش هیچ یارمەتییەکمان نادات، دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی لەدەست داعش هەندێک رێکخراو یارمەتیان دەداین، ئێستا ئەوانیش یارمەتیمان نادەن."
لەسنووری ناحیەی باشیک زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم زەوی بە نزیکەی یەک ملیۆن دار زەیتوونی چێندراوە و زەیتوونەکانیشی لەسەر ئاستی عێراق بە پلە یەک دادەنرێ، بەڵام جووتیارانی بەرهەمهێنانی زەیتوون دەڵێن نەبوونی پاڵپشتیی حکومەت وادەکات کێڵگەکانیان جێبهێڵن.
ناحیەی باشیک ناوچەیەکی کوردستانیی سەر بە پارێزگای نەینەوا یە. لە سنووری ناحیەکە، زیاتر لە سێ هەزار جووتیاری زەیتوون هەن، پێشبینی دەکەن بەرهەمی ئەم ساڵیان زیاتر لە حەوت هەزار تۆن بێت.
عێراق لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لەریزبەندی نۆیەمینە و لەسەر ئاستی جیهانیش23یەمە بۆ بەرهەمهێنانی زەیتوون، بەشی کشتوکاڵی باشیک نایشارێتەوە کە هیچ پاڵپشتییەکی وەرزێرانی زەیتوون ناکرێت.
شاکر یەحیا، بەرپرسی بەشی کشتوکاڵی باشیک دەڵێت: "ژمارەی دار زەیتوونەکان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن دار، بەڵام نەبوونی یارمەتی لەلایەن حکومەت و وەزارەتەوە وایکردوە جووتیاران ژمارەی دارەکانیان لەلای ئێمە تۆمار نەکەن، هیوادارم وەزارەتی کشتوکاڵ کە پەیوەندیدارە هەستێت بەیارمەتیدانی جوتیاران بە دابینکردنی کەلوپەلی پێویست کە ئەمە وادەکات ژمارەی دار زەیتوونەکان زیاد بکات."
وەرزی لێکردنەوەی زەیتوونی زەرد ساڵانە لەمانگی ئادارەوە دەستپیدەکات، بەڵام لێکردنەوەی زەیتوونی رەش لە مانگی ئەیلوولەوە دەستپێدەکات. کەمیی کڕیار و نەبوونی کارگەی پێویست لەو سنوورە وایکردووە زۆربەی جووتیاران بەرهەمەکانیان لەسەر شەقام بفرۆشن.