رووداو دیجیتاڵ
رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی جامی جیهانی لە قەتەر تویتێکی کرد و دەڵێت، یەکەم بەرهەمی گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و قەتەر بوو.
رۆژی یەکشەممە 20-11-2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتەری تایبەتی خۆیدا تویتێکی کرد و رایگەیاند، یەکەمجارە جامی جیهانی یاری تۆپی پێ لە وڵاتێکی عەرەبی بەڕێوەدەچێت. یەکەم بەرهەمیشی گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و قەتەر بوو.
موقتەدا سەدر دەڵێت: "هیوادارین جامێک بێت بۆ یەکڕیزی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و بڵاوبوونەوەی ئاشتی بەدیاریکراویش لە یەمەن و سووریا و لوبنان و وڵاتانی دیکەی عەرەبی."
رێبەری رەوتی سەدر گوتیشی، "بە روونی بۆ جیهانیش بسەلمێنێت کە عەرەب و موسڵمان، دەتوانن جامی جیهانی بەڕێوەی ببەن و رێکیبخەن، دەتوانن ئاشتی بڵاوبکەنەوە و ریزی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتی یەکبخەن، ئەمەش گەورەترین سەرکەوتن و بردنەوەیە لە بەرامبەر رۆژئاوا."
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 20-11-2022 ئاهەنگی کردنەوەی یارییەکانی جامی جیهانی لە یاریگەی ئەلبەیت لە قەتەر بەڕێوەچوو. لە ئاهەنگەکەدا 60 هەزار هاندەر ئامادەبوون، گرووپی بی تی ئێس و مۆرگان فریمان، ئەکتەر و نووسەری بەنێوبانگی جیهانی بەشداربوون.
دوای ئاهەنگەکە یەکەم یاری لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی قەتەر و ئیکوادۆر ئەنجامدرا؛ ئیکوادۆر بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر سەرکەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ