وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: 150 هەزار ئاوارە لە کەمپەکان دەژین

20-11-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، هێشتا 150 هەزار ئاوارە لە کەمپەکاندا دەژین و نەگەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان. دەشڵێت: "رکابەرایەتیی زۆر لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان هەیە و پلانەکانمان بۆ گەڕاندندەوەیان چالاکتر دەکەینەوە". ئەندامێکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "کۆتایی ئەمساڵ نەتەوەیەکگرتووەکان هەموو یارمەتییەکانی بۆ ئاوارەکان رادەگرێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 20-11-2022، عەلی عەباس جهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ پلانێکی نوێمان بۆ ناردنەوەی ئاوارەکان نییە ئەوانەی لە کەمپەکانن، بەڵکو ئێمە پلانێکمان هەبوو کە سەرەتای ئەمساڵ دامانڕشتبوو، لە دوای ئەوەی کارنامەی حکومەتی جەختی لەسەر کردبووەتەوە ئیدی پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان خێراتر و چالاکتر دەکەین."
 
عەلی عەباس جهانگیر گوتیشی: "هێشتا 150 هەزار ئاوارە کە زۆرینەیان خەڵکی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، ئەنبار و دیالەن کە 37 هەزار خێزان لە کەمپەکاندا دەژین، بەڵام هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان نییە، بەتایبەت ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان."
 
گەڕاندندەوەی ئاوارەکانی عێراق کە بەشی زۆریان بەهۆی شەڕی داعشەوە و کۆنتڕۆڵکردنی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، یەکێکە لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەکەی حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی، جگە لەوە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کە رێگە بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و گەیاندنی خزمەتگوزاریی و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە دەدات.
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد، سبەی دووشەممە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق میواندارێتیی لیژنەکەیان دەکات بۆ باسکردنی پرسی ئاوارەکان.
 
ئەو پەرلەمانتارە رۆژی یەکشەممە، 20-11-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەرێمی کوردستان 28 کەمپی ئاوارەکان هەیە، 20یان تایبەتن بە ئاوارەکانی شنگال و دەورووبەری، 16یان لە دهۆک و چواریان لە سلێمانین، بەپێی ئەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ئێمە و حکومەتی عێراقی راگەیاندووە، کۆتایی ئەمساڵ هەموو هاوکارییەکی هەرێمی کوردستان رادەگرن، چونکە هیچ بیانوویەک بۆ مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان و نەگەڕانەوەیان نییە."
 
بە گوتەی سۆران عومەر، ئەو بڕیارەی نەتەوەیەکگرتووەکان کێشە بۆ ئاوارەکان و بۆ هەرێمی کوردستانیش دروستدەکات، چونکە لە رووی داراییەوە پارەیەکی زۆری دەوێت، نەتەوەیەکگرتووەکان لەنێو کەمپەکاندا جۆرەها هاوکارییان لە رێگەی ئاژانسەکانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە و پێشکێشی ئاوارەکانی دەکەن.
 
ئەندامەکەی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کە پێیوایە ساڵی ئاییندە دەکرێت بە ساڵی گەڕانەوەی ئاوارەکانی بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی خۆیان، دەشڵێت: "هەندێک لایەن هەن نایانەوێت ئاوارەکان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان."
 
سۆران عومەر باسی لەوەش کرد، تەگەرە هەن لەبەردەم گەڕانەوەیان لەوانە قەرەبووکردنەوەیە کە دەبێت قەرەبوویەکی باشیان پێبدرێت بۆ گەڕانەوەیان، هەروەها بەهۆی دۆخی ئەمنی، هەندێکیان ترسیان لە گەڕانەوە هەیە، جگە لەوەش وردەبینی ئەمنیش هۆکار بوو بۆ نەگەڕانەوە، بەڵام ئێستا ئەمە حکومەت بڕیاریدا نەیهێڵێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە