رووداو- بەغدا
رۆژی سێشەممە پەرلەمانی عێراق کۆبووە و چەندین پرۆژەیاسا پەسندکران و خوێندنەوەیان بۆ کرا، کە بەشێکی گرنگی داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی لە خۆگرتبوو. یەکێک لە پرۆژەیاساکان هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی بەرپرسە باڵاکان بوو.
د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دانیشتنی پەرلەمان تاوەکو دوای کاژێر یەک 1ی بەرەبەیان بەردەوامبوو. دیارترین پرۆژەیاساکان کە پەسندکران بریتی بوون لە: هەڵوەشانەوەی ئیمتیازاتی بەرپرسە باڵاکان، دەستەی دەستپاکی، هەموارکردنەوەی یاسای خانەشینی یەکگرتوو، یاسای ئۆڵومپی نیشتمانی عێراق بوون.
هەروەها خوێندنەوەی یەکەم کرا بۆ پرۆژەیاساکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
گرنگترین خاڵەکانی یاسای هەڵوەشانەوەی ئیمتیازاتی بەرپرسە باڵاکان:
- هەڵوەشانەوەی یاسای تەرخانکردنی بەخششی دارایی ژمارەی 13ی ساڵی 2005 کە پێشتر پارە، زەوی و ئۆتۆمبێل بۆ پەرلەمانتاران تەرخانکرابوون.
- نەهێشتنی تەرخانکردنی پارە بۆ چارەسەریی تەندروستی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە و سەرجەم دامودەزگاکانی دیکەی دەوڵەت.
- نەهێشتنی کرێی خانووی بەرپرسان کە ماڵیان لە بەغدایە.
- نابێت هەریەک لە سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان لە پێنج ئۆتۆمبێل زیاتریان بۆ تەرخان بکرێت.
- نابێت هەریەک لە جێگرانی سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان لە چوار ئۆتۆمبێل زیاتریان بۆ تەرخان بکرێت.
- نابێت وەزیر و پلەکانی وەزیر وەک سەرۆکی دەستە و پارێزگارەکان لە سێ ئۆتۆمبێل زیاتریان بۆ تەرخان بکرێت.
- پەرلەمانتاران هیچ ئۆتۆمبێلێکیان بۆ تەرخان ناکرێت.
- نابێت هەر بریکارێکی وەزیری و پلەکانی هاوتای و راوێژکاران لە زیاتر لە دوو ئۆتۆمبێلیان بۆ تەرخان بکرێت
- نابێت هەر بەڕێوەبەرێکی گشتی زیاتر لە ئۆتۆمبێلێکیان بۆ تەرخان بکرێت.
- هەڵوەشانەوەی دەرماڵەی زیادەکی.
- نابێت فڕۆکەی تایبەت بەکرێ بگیرێت (جگە لە فڕۆکەی سەرۆکایەتیی وەزیران نەبێت) بۆ هەرسێ سەرۆکایەتییەکە لە گەنجینەی دەوڵەت تەنها شاندە فەرمییەکان نەبێت و هەر سەرۆکایەتییەک تێچووەکەی لە ئەستۆ دەگرێت.
- کەمکردنەوەی پارەی شاندکردنەکان بۆ لە 50%.
- کشانەوەی فەوجەکانی پاسەوانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکانی پێشوو و کەسایەتییە سیاسییەکان لە 2003ـەوە فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان پاسەوانیان بۆ تەرخان دەکات.
پەسندکردنی ئەم پرۆژەیاسایە داهاتێکی زۆر بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە، بە گوتەی بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووە نزیکەی 250 هەزار پلەی وەزیفی دەڕەخسێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ