دلڤین لە تەمەنی 9 ساڵی کراوەتە کەنیزەکی چەکدارانی داعش

20-09-2019
نەوزاد مەحموود
 دلڤین هیچی لە مانای سێكس و جووتبوون نەزانیوە، تاوەکو ئەو كاتەی چەكدارێكی داعش پەلاماری دەدا و پەردەی كچێنی دەبات
دلڤین هیچی لە مانای سێكس و جووتبوون نەزانیوە، تاوەکو ئەو كاتەی چەكدارێكی داعش پەلاماری دەدا و پەردەی كچێنی دەبات
نیشانەکردن داعش چیرۆکەکانی خەلافەت
A+ A-

رووداو-هەولێر

دلڤین یەکێک لە کچە رزگاربووەکانی دەستی چەکدارانی داعشە، ئەو کە بە 9 ساڵی کراوەتە کەنیزەک بەو تەمەنە بچووکەیەوە هەروەکو گەورەکان چەندینجار کڕین و فرۆشتنی پێوە کراوە. 


دلڤین بۆ یەکەمجار لەدوای رزگاربوونی دەگەڕێتەوە کۆڵانەکانی تل قەسەب و  بووكەڵەكەی لەژێر دار و پەردووی خانووەكەیان دەردەهێنێتەوە، ئینجا چیرۆکی خۆی بۆ رووداو باس دەکات. 

چەكدارەكان دلڤین دەبەنە خانوویەك لە مووسڵ، كە چەند كچێكی دیكەی هاوتەمەنی خۆی تێدا بووە: دەڵێ "ماوەی 8 رۆژ لەو خانووەدا بەندیان كردین. بەردەوام دەگریاین و هەموو كچەكان وەك من بەدەم گریانەوە داوای دایكیان دەكرد". 

دلڤین دەڵێت: "كە گوتیان داعش ئێزدییان دەڕفێنن، لەگەڵ دایكم و داپیرەم و برا و خوشكەكانم بەپێ بەرەو چیای شنگال بەڕێكەوتین، لە تەلقەسەبەوە گەیشتبووینە نزیكی شنگال. زۆرمان نەمابوو بگەینە دامێنی چیاكە ئەوكاتەی داعش گەیشتە سەر سەرمان".

دلڤین هیچی لە مانای سێكس و جووتبوون نەزانیوە، تاوەکو ئەو كاتەی چەكدارێكی داعش پەلاماری دەدا و پەردەی كچێنی دەبات. ئەو كە ئێستا 14 ساڵە، هەر وەكو منداڵە نۆ ساڵانەكەی تەلقەسەب مامەڵە دەكات.

كەنیزەكەكانی خەلافەت

بەدرێژایی ئەو سێ رۆژەی لەگەڵ دلڤین بووم بۆ ئەم گفتوگۆیە، فرمێسكم زۆرتر بینی لەوەی گوێم لە قسەی بێ‌، ئەو ئێستا تێدەگات چ رۆژگارێكی بێبەزەیی منداڵیی ئەوی وێران كرد. نەمدەزانی بۆ خۆی دەگری، یان باوك و خاڵ و مامەكانی، یان ئەو هاوڕێیانەی كە رۆژگارێك لە كۆڵانەكانی تلقەسەب پێكەوە یارییان كردووە و دوای ئابی 2014 تاكوتەرایەك لەو هاوڕێیانەی بینییەوە.

دلڤین، یەكەمین كچی ئێزدیی بە كەنیزەككراوە، من لەگەڵی دەچمەوە نێو ئەو خانووە رووخاوەی نزیكەی ساڵێك تێیدا دیل بووە. بووكەڵەكەی لەژێر دار و پەردووی خانووەكە دەردەهێنێتەوە و قووڵ لێی رادەمێنێ! 

كاتێك لەلایەن داعشەوە رفێنرا، تەمەنی 9 ساڵ بوو، هێشتا یاری بە بووكەڵەكانی دەكرد. دلڤین پێنج ساڵ لەمەوبەر كرابوو بە كەنیزەك. پێشتر كڕین و فرۆشتنی تەنیا لە دووكانێكی بچووكی تەنیشت ماڵەكەیان بینیبوو، بەڵام دواتر خۆی بوو بە كاڵایەكی هەرزان بەدەست چەكدارانی داعشەوە و لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا و بەو تەمەنە كەمەوە، چەندینجار كڕین و فرۆشتنی پێوەكرا.

دەمباتەوە ئەو شوێنەش كە یەكەمجار تێیدا لەگەڵ كەسوكارەكەی دەستگیركران. رێگای خێرای خوار شارۆچكەی شنگال و چەند كیلۆمەترێك لەولای سایلۆ بە ئاراستەی باشووری رۆژئاوای شارۆچكەكە. وەك ئەوەی هێشتا بڕوا بە ئاوابوونی داعش نەكات، دوای تەواوكردنی قسە كورتەكانی، داوا لە شۆفێرەكە دەكات خێراییەكەی زیاتر بكات بۆ ئەوەی زووتر ئەو ناوچەیە جێبهێڵین! تەنانەت نەیویست قوتابخانەكەی خۆی ببینێتەوە "ناتوانم ئەو قوتابخانەیە ببینم و دالیا و حەنان و لینام لێدیار نەبێت". ئەو ناوانە بە درێژایی ئەو سێ رۆژە چەند جارێك لە زمانی دلڤینەوە چەندبارە دەبنەوە. تێدەگەم كە چەندە تامەزرۆی دیداری هاوڕێكانی قوتابخانەكەیەتی "لە خوشكەكانیشم خۆشترم دەوێن، خۆزگە بۆ یەكجار ئەوانم ببینیایە، تەنیا بە قسەیەك شتێكی زۆر خۆشم بیردەهێنانەوە و تەواو".

***
كاتێك هەواڵی پەلاماری داعش بە شنگال و ئاواییەكانی دەوروبەریدا بڵاودەبێتەوە، كەسوكاری دلڤین وەكو هەزاران خێزانی دیكەی ئێزدی خۆیان كۆدەكەنەوە بۆ ئەوەی پەنا بۆ چیای شنگال ببەن كە لە فەرمانەكانی رابردوودا پشت و پەنای ئێزدییەكان بووە.

دلڤین دەڵێت: "كە گوتیان داعش ئێزدییان دەڕفێنن، لەگەڵ دایكم و داپیرەم و برا و خوشكەكانم بەپێ بەرەو چیای شنگال بەڕێكەوتین، لە تەلقەسەبەوە گەیشتبووینە نزیكی شنگال. زۆرمان نەمابوو بگەینە دامێنی چیاكە ئەوكاتەی داعش گەیشتە سەر سەرمان".

دلڤین پێیوایە ئەوان هۆكاربوون لەوەی خێزانەكەیان بە تەواوی بكەونە دەست داعش. ئەو دەڵێ: "لە رێگا گوێم لە دایكم بوو زیاتر لە چەند جارێك بە داپیرەمی گوت ئەم منداڵە بچووكانەمان پێنەبووایە ئێستا لە چیاكە بووین".

چەكدارەكان بەخێرایی نزیكدەبوونەوە و دواجار گەمارۆیان دان: "خاڵم چاوی لێبوو چەكدارانی داعش چواردەوریان داوین (پەنجە بۆ ئەو شوێنە رادەكێشێ كە لێی دەستگیركران). لێرە بوو خاڵم بە ئۆتۆمبیلەكەی نزیكبووەوە و لە دوورەوە هاواری كرد، وازیان لێبهێنن. چیتان لەو ژن و منداڵانە دەوێ‌، بەڵام یەكێك لە چەكدارەكان بە تووڕەییەوە هاواری كرد حەیوان، ئەوە بەسەر كێدا هاوار دەكەیت؟ دواتر تەقەی لە ئۆتۆمبیلەكە كرد و تایەكەی تەقاند، خاڵمیان دەستگیر كرد و بردیان. ئێستاش نەمانبینییەوە".

گەڕاینەوە بۆ ژێر خێمە شڕۆڵەكەیان لە یەكێك لە كەمپەكانی نزیك دهۆك. لەوێ لە تەنیشت دایك و داپیرەی دانیشتووە. ئەو هیچی لە مانای سێكس و جووتبوون نەدەزانی، ئەو كاتەی چەكدارێكی داعش پەلاماری دا و پەردەی كچێنی برد. ئەو كە ئێستا 14 ساڵە، هەر وەكو منداڵە نۆ ساڵانەكەی تەلقەسەب مامەڵە دەكات و لە خوشكە بچووكەكەی تووڕە دەبێ‌ كە بۆچی دەستكاری یارییەكانی كردووە.

دلڤین، بە دەنگی گریانی دایكی بێدەنگ بوو. دایكی تێبینی كردبوو، یەكێك لە چەكدارەكان لەودەمەدا دەوروخولی كچەكەی دەدا "پاش كەمێك مانەوەمان لەوێ بە دەستەبەسەركراوی، دلڤینیان جیاكردەوە و بردیان".

چەكدارەكان دلڤینیان بردبووە خانوویەك لە مووسڵ كە چەند كچێكی دیكەی هاوتەمەنی خۆی تێدا بووە: "ماوەی 8 رۆژ لەو خانووەدا بەندیان كردین. بەردەوام دەگریاین و هەموو كچەكان وەك من بەدەم گریانەوە داوای دایكیان دەكرد". 

دوای هەشت رۆژەكە، یەكێك لە چەكدارەكان دەستدرێژیی كردە سەر دلڤین. چەكدارەكە بە دلڤینی گوتبوو كە ئیدی بۆ هەمیشە لەگەڵی دەبێت و بۆ هەرشوێنێك بچێت دەبێت لەگەڵی بڕوات "بردمی بۆ بەعاج. دوای چەند رۆژێكی بردمی بۆ تلقەسەب، پاشان بۆ تلبەنات، ئینجا بۆ شنگال".

ناخۆشترین كاتی دلڤین لەگەڵ ئەو چەكدارە كە ناوەكەشی بیر نەماوە، لە شەنگال بوو "چەند مانگێك لە شنگال ماینەوە، زۆر ئازارم بە دەست ئەو پیاوەوە چەشت. ئەو دەیویست وەك ژن مامەڵەی لەگەڵ بكەم و منیش منداڵێك بووم و هیچم نەدەزانی؟ سەتان جار پێمگوت و هەوڵم دا تێیبگەیەنم كە من منداڵم، بەڵام نەیدەویست لەوە تێبگات. ئەو دڕندە بوو". دلڤین بە گریانەوە ئەو قسانەی گێڕانەوە.

لەسەر كۆشم مرد

چەكدارەكە دلڤینی بۆ ماوەی رۆژێك گێڕایەوە بۆ ئەو خانووەی كچە هاوتەمەنەكانی تێدا جێهێشت. هەندێك كچی نوێی تێدا بەند كرابوون كە ئەوانیش تەمەنیان كەم بوو وەك خۆی، بەڵام رۆژەكەی بە ئێشێكی قورس تێپەڕاند: "یەكێك لە كچەكان تەمەنی 11 ساڵ بوو، خەڵكی شنگال بوو. بەهۆی نەخۆشییەوە رەنگی نەمابوو، سەری كچەكەم خستە كۆشم و دەیناڵاند. بانگی دایكی دەكرد. بانگی خوشكەكانی دەكرد، بەردەوام دەنگی كزتر دەبوو تاوەكو لەسەر كۆشم مرد".

بە رێگایەكی درێژدا دەڕۆین بۆ ئەوەی دلڤین بمانباتەوە ئەو ماڵەی تێیدا كەنیزەكی چەكدارێك بووە. لە تەنیشت چیاكەوە ئەو دەوارانە دەبینین كە لێقەوماوانی ئێزدی هەڵیانداوە و هەر لەو بەرزییەوە رۆژانە بە بینینی ماڵە وێرانەكانیان برینیان دەكولێتەوە. دلڤین دەڵێ "ئەگەر ئێمە بگەیشتینایە چیاكە، ئاوامان بەسەر نەدەهات. خۆ لەوانەیە لە برسان بمردباین، بەڵام ئەوە باشتر بوو".

بە درێژایی ئەو چەند مانگەی چەكدارەكە لای خۆی رایگرتبوو لە شنگال، دلڤین رۆژانە لە ماڵێكی دەرگا كلیلدراودا دەمایەوە تاوەكو دوای نوێژی شێوان "ئا لەو ماڵەدا بووم". بۆردومانی فڕۆكە هەندێك خانووەكەی رووخاندووە. بەشێك لەو كەلوپەلە بێكەڵكانەی هێشتا لە ژوورەكاندا ماونەتەوە، رۆژانێك بەدەست دلڤینەوە بوون و خواردن و خواردنەوەی پێ ئامادەكردوون بۆ ئەو چەكدارە داعشەی وەك دێوەزمەیەك هاتبووە ژیانییەوە "بەدرێژایی ئەو چەند مانگەی لەم ماڵەدا بووم، كەسێك دەرگای ماڵەكەی نەكردەوە جگە لە خۆی. دڵپیس و كەللەڕەق و بێبەزەیی بوو. هەندێكجار كە پێمدەگوت هیچ لەم ماڵەدا نەماوە بیخۆم تاوەكو دێیتەوە، دەیگوت نان و ئاو هەیە، دەتوانی بیخۆی". لەو كاتەدا ناوی چەكدارەكەی بیرهاتەوە و گوتی "بەبیرم هاتەوە،  یەكەمجار ناوی سوهەیب بوو، دواتر بووە ئەبووبەكر".

بە جگەرەیەك فرۆشرام

ئەبووبەكر، چیدیكە بەدیار هەڵسوكەوتی منداڵانەی دلڤینەوە ئۆقرەی نەگرت و بڕیاریدا بیفرۆشێت. لە شنگالەوە بردییە تەلەعفەر و لەوێ لە نووسینگەیەكی كڕین و فرۆشتنی كچان و ژنان خستییە مامەڵەوە. دەیبینی چۆن هەندێك لە كڕیارەكان تەنیا بۆ گاڵتەكردن و كات بەسەربردن لەوێ بوون: "یەكێك لە كوڕەكان مۆبایلەكەی بەدەستەوە بوو وێنەی ئێمەی دەگرت و دواتر وێنەی ئەو داعشانەی گرت كە دانیشتبوون و گاڵتەیان بە ئێمە دەكرد. جەمەدانییەكەی دەكردە ملمان و بە جەمەدانییەكەی سەری رادەكێشاین بەرەو لای خۆی".

هەر ئەو رۆژە داعشێكی خەڵكی سەڵاحەدین كە كورد بووە دەیكڕێت: " خەڵكی لای دووز بوو، ناوی هەیسەم بوو. بردمی بۆ بە عاج، لە بەعاج شتێكی سەیرم بینی، دەچوویتە هەر ماڵێك كچێك و دوو كچی ئێزدییان كڕیبوو. لە بەعاج تێبینی ئەوەشم كرد كە زیاتر لە هەر ناوچەیەك كچان و ژنانی ئێزدی تێدا دەفرۆشرا".

رۆژێك دوای چوونیان بۆ بەعاج، هەیسەم پێیدەڵێت كە داوای لێكراوە بچێ‌ بۆ شەدادییە لە سووریا و دوای چەند رۆژێكی دیكە دەگەڕێتەوە "لە دڵی خۆمدا گوتم تاوەكو ئەو دێتەوە رادەكەم، ئەو كاتە ساڵێك بوو لەبن دەستی داعشدا بووم، كە بەیانی ئەو رۆیشت منیش رامكرد، رێگای هەڵاتنەكەم بەرەو گوندی ریسالە بوو، بەڵام لە رێگا دەستگیركرامەوە و بردمیانەوە بۆ ماڵەكەی هەیسەم".

دواتر بیستییەوە كە دوو هاوڕێی كچی هاوتەمەنی خۆی لە مووسڵ خۆیان كوشتووە: "چونكە ئەوەندە كڕین و فرۆشتنیان پێوە كردن، ئەوەندە سوكایەتییان پێكرابوو، خۆیان كوشت". 

دلڤین، هەروەها دەڵێ: "یەكێك لە هاوڕێ كچانەم كە خۆی كوشتبوو، تەمەنی 11 ساڵ بوو. رۆژێك لەلایەن 5 چەكداری داعشەوە دەستدرێژی كرابووە سەری. بەدەم دەستدرێژییەوە لێیاندابوو. بۆیە تەحەمولی نەكرد. چووە ناو سەیارەی داعشێك و فیشەكێكی لەسەری خۆی دا و خۆی كوشت".

هەیسەم ، دوای گەڕانەوەی كاتێك زانی دلڤین ماڵەكەی بەجێهێشتووە و هەڵاتووە، كەوتە گیانی كچەی بێدەرەتان و تاوەكو دەستەكانی شل بوون لێیدا. دواتر بڕیاریدا فرۆشتنێك بیفرۆشێت ئازارەكەی هەرگیز نەبڕێتەوە. هاوڕێیەكی وەك خۆی جگەرەكێشی هەبوو كە دوور لە چاوی چەكدارانی داعش دەیانكێشا "بەو كوڕەی گوت دەتوانی جگەرەیەكم بدەیتێ؟ جگەرەكەی وەرگرت و ئینجا پێیگوت منیش ئەم كچە لاسارەت پێشكەش دەكەم، بەڕاستی بەهۆی لاسارییەكەی نرخی ئەو تەنیا جگەرەیەكە".

دلڤین بەردەوام كڕین و فرۆشتنی پێوەكراوە، زاكیرە منداڵانەكەی یارمەتی نەداوە ناوی ئەو هەموو چەكدارە ئەزبەر بكات كە ئەویان كڕیوە، دوای ئەوەی لێی بێزار بوون، یان پێویستیان بە پارە بووە، فرۆشتوویانەتەوە.

رۆژێك لە تەلەعفەر، چەكدارێكی داعش پێیدەڵێت لەگەڵی بڕواتە ماڵێك. ماڵێك كە دوو ئافرەتی دیكەی ئێزدی تێدا بووە و ئەوانیش بێئاگابوون لە هەر شتێك. یەكێك لە ژنەكان لە دلڤینی پرسی: 

- ئەوەی تۆی هێنا بۆ ئێرە هیچی پێنەگوتی؟ 

- نەخێر هیچی وای نەگوت، تەنیا گوتی ئایا حەزدەكەی بچیتەوە نێو خزمە كافرەكانت؟ منیش پێمگوت بەڵی .
لەو كاتانەدا مێشكی ئەوان بووبووە كانگای لێكدانەوە و هەڵقوڵانی بیرۆكە و ئەگەری خراپ، بەڵام دلڤین دەڵێ، نازانێ بۆچی ئەو رۆژە من هێندە گەشبین و بێخەم بووم "داعشەكان پیانگوتین بەم جادەیەدا دەڕۆن و بەهیچ شێوەیەك ئاوڕ بۆ دواوە نادەنەوە. تەنانەت ئەگەر بانگیشتان بكەن ئاوڕ نادەنەوە".

ئەوان بەترسێكی زۆرەوە رێگایان گرتەبەر. دلڤین گوێی لە یەكێك لە ژنەكان بوو بە دەنگێكی گڕی تێكشكاوانە بەوی دیكەی گوت "لەوانەیە لە پشتەوە تەقەمان لێبكەن". بەڵام زۆرتر و زۆرتر دووركەوتنەوە و هیچ گوللەیەك نەهات: "چەند كیلۆمەترێكمان بە پیادە بڕی، دواتر ئۆتۆمبێلێكی سەربازیم بینی بەرەوڕوومان دەهات، ئێمە زۆر ترساین، بەڵام كە گەیشتنە لامان گوتیان ئێمە پێشمەرگەین، ئیدی لە خۆشییان گریاین".

لە رێگای گەڕانەوەمان بەرەو كامپەكە، لاماندایە مەزارگەی شێخ شەرفەدین. یەكێك لە مەزارگە بەنێوبانگەكانی كۆمەڵگەی ئێزدی. یەكێك لە شێخەكانی ئەوان سەرقاڵی گفتوگۆكردنە لەگەڵ چەند كچ و ژنێك كە دوای ئەوەی ئاگردانی نێو مەزارگەكەیان ماچكرد و گرێیەكی دیكەیان لەنێو قەدی پەڕۆ رەنگاورەنگەكانی ئەوێ دا، راوەستابوون بۆ ئەوەی پیاوە ئاینییەكەیان گەشبینانە هیوای گەڕانەوەیان تێدا بچێنێتەوە.

لە شەرفەدین زۆر گریا، چونكە هەرگیز بڕوای نەدەكرد كاتێك بۆ یەكەمجار دەچێتە ئەوێ، گریانی دووری باوك و ئازیزانی، خۆشییەكانی دیكەی لێ بستێننەوە. پیاوە ئاینییەكە رووی كردە دلڤین و بە ئاماژەیەكی دڵشكاوانە گوتی: "ئەوە هی ئەوەیە بیبەیت و ژیانی وێران بكەیت؟" دواتر ئاوی خاوێنكردنەوە دەپرژێنێ بەسەریدا و دڵنیای دەكاتەوە لەوەی ئێستا ئەو بووەتەوە بە هەمان ئەو كچەی هێشتا لە كۆڵانەكانی تەلقەسەبدا یاری دەكرد.

دایكی دلڤین چەند پارچە حەبێكم پیشاندەدات: "شەوانە لەبەر ئەوەی خەوی لێنەدەكەوت، ئەو دەرمانانەی دەخوارد. شەوانە دەیناڵاند لە دەست ئەوەی بینیبووی، خەونی بەو شتانەوە دەبینی كە چەكدارانی داعش بەسەریان هێنابوو". 

بەڵام دلڤین، چەندە خەون بە شاری تارماییەكانەوە دەبینێ، هێندەش پەرێشانی (حەنان)ی هاوڕێی لەدەستچوویەتی. ناتوانم سەردەربكەم كچێك بۆ وا هەڵوەدای حەنانی هاوڕێی بووە "ئێستا حەنان لە ژیاندا نەماوە؟" من دەپرسم، بەڵام وەڵامەكە دیسان ئەوەیە كە روخساری لەنێو لەپی بچووكی دەستەكانیدا دەشارێتەوە و فرمێسك بە چاوەكانیدا دێنە خوارێ‌.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە