رووداو- دهۆک
ئامادهكاری دهكرێ بۆئهوهی پارتە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا بە یەک لیست بەشداری له هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكهدا بکەن.
تاوهكو ئێستا کۆبوونەوەیهك لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا كراوه. پارتی پێی باشە پارتە کوردستانییەکان بە یەک لیست بەشداربن. هاوپەیمانیی پارتە ئێزدییەکانی شنگالیش دەڵێن هێشتا هیچ پارتێکی کوردستانی داوای لهوان نهكردووه بچنە نێو لیستی کوردستانییهوه، بهڵام ئهگهر داوایانلێكرا، خۆیان جیاناكهنهوه.
بڕیارە رۆژی یەکی نیسانی 2020، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچن. کورد لە کەرکوک لیستی (کەرکوک کوردستانە)ی راگەیاند. لە پارێزگای نەینەواش ئامادەکاری دەکەن بۆئەوەی بە یەک لیست بەشداری له هەلبژاردندا بکەن. داود جوندی، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە شنگال- بە وەکالەت، بە (رووداو)ی راگەیاند كه تاوهكو ئێستا کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا لەسەر یەک لیستی له پارێزگای نەینەوا كراوه، بەڵام هێشتا رێککەوتنی کۆتایی لەسەر نەکراوە.
دەربارەی هەڵوێستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبارهی یەک لیستی کوردستانی، داود جوندی دەڵێت “وەک یەکێتی لەگەڵ ئەوەداین پارتە کوردستانییەکانی پارێزگای نەینەوا بە یەک لیست بەشداری له هەڵبژاردنەکاندا بکەن. بۆ ئەو لیستەش ئامادەین لەگەڵ هەموو پارتە کوردستانییەکانی موسڵ دانوستاندن بکەین“.
پارێزگای نەینەوا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەموو پارتە کوردستانییەکانی دیکە گرنگترە. چونکە لەدوای 2003 وە تاوهكو ئێستا، پارتی كوردستانیی هەرە بەهێزی ئەو پارێزگایەیە و زۆربەی دەنگی کوردی ئەو پارێزگایەی هەیە. بەرپرسی لقی 14 ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ لەبارەی دروستکردنی لیستی کوردستانی لە پارێزگای نەینەوا بە (رووداو)ی گوت: “وەک پارتی هەڵوێستمان ئاشکرایە و لەگەڵ ئەوەداین کە نەک تەنیا لەگەڵ یەکێتی، بەڵکو لەگەڵ سەرجەم لایهنه کوردستانییەکانی دیکە رێکبكهوین“. عەلی خهلیل دەڵێت “پارتی بە چاوی کوردستانییانه تەماشای ئەو ناوچانە دەکات و پێمان باش نییە تهنانهت یەک دەنگی کوردیش بفەوتێ. ئەگەر هەر یەک لە ئێمە بەجیا بەشداربین، ئەوه دەنگی کورد لەوێ پەرشوبڵاو دەبن. بۆیە پێمان باشە بە یەک لیست بەشدار بین و ئامادەین سەردانی هەموو پارتە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەواش بکەین“.
پێش مانگێک چوار پارتی ئێزدی لە شنگال هاوپەیمانییەکیان راگەیاند، هەرچەندە یەکێک لەو پارتانە لە هاوپەیمانی کشایەوە، بەڵام ئەوانەی دیکە هێشتا ماون، حەیدەر شەشۆ سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئێزدی کە پارتەکەی یەکێک لەو سێ پارتەیە بە (رووداو)ی راگەیاند: “ئێمە هاوپەیمانییهكمان راگەیاندووە و خەریکی ئامادەکردنی لیستین. تاوهكو ئێستاش بڕیارهكه ئەوەیە کە بەتەنیا بەشداری له هەڵبژاردنەکاندا بكهین“.
سهبارهت بەوەی کە ئامادەن لەگەڵ لیستی کوردستانی بە یەک لیست بەشداربن، حەیدەر شهشۆ گوتی: “ناتوانین خۆمان لە کوردستان جیابکەینەوە. هێشتا هیچ پارتێکی کوردستانی داوای لێنەکردووین بچینە نێو لیستی کوردستانی. ئەگەر داوایانکرد و بهرنامهی ئەوان لە بەرژەوەندیی ئێزدییەکاندا بێت، ئامادەین لەگەڵ لیستی کوردستانی و بە یەک لیست بەشداری له هەڵبژاردندا بکەین“.
كورسییهكانی كورد كهمدهبنهوه
پارێزگای نەینەوا دووەم گەورەترین پارێزگای عێراقە. یەک لەسەر سێی پێکهاتەی ئەو پارێزگایە کوردن. بەشێک لە قەزاکانی ئەو پارێزگایە کورد تێیدا زۆرینەن و لە زۆربەی قەزاکانی دیکەش کورد هەن. پاش 2003، بەهۆی یەکدەنگیی پارتە کوردستانییەکانهوه بەردەوام کورد لەوێ بەهێزبوونە و توانیویانە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەدەستبهێنن.
ئێستا لە كۆی 39 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، 13 یان کوردن (9 ئەندام پارتین، 3 ئەندام یەکێتین و 1 ئەندامیش سهر به کۆتای ئێزدییهكانن). ئەمجارە بڕیاردراوە ژمارەی کورسییەکانی ئەو پارێزگایە لە 39 وە کەم بکرێتەوە بۆ 27 کورسی، کە 3 كهس لەو 27 کورسییە بۆ کۆتاکانی ئێزدی، کریستیان و شەبەک تەرخانکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ