75 هەزار زیارەتکار لە حاجی ئۆمەرانەوە چوونەتە کەربەلا

20-08-2024
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆنسووڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر رایگەیاند، ئەم ساڵ 75 هەزار زیارەتکار لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە تێپەڕیون. پارێزگاری هەولێریش دەڵێ: " بە ئەزموون وەرگرتن لە ساڵانی رابردوو، ئەم ساڵ پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت."
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 20-08-2024، ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و نەسروڵڵا رەشنوودی، کۆنسووڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان کرد. نەسروڵڵا رەشنوودی گوتی: "سوپاسی پارێزگار، دەزگای خێرخوازی بارزانی و هەموو فەرمانگە و وەزارەتەکان [ـی هەرێمی کوردستان] دەکەین کە زەحمەتیان کێشا، هەوڵیاندا و خزمەتگوزارییان پێشکێشی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن (سڵاوی خوای لێبێت) کرد."
 
کۆنسووڵی ئێران، سوپاس و پێزانینی خۆی نیشاندا بۆ ئەو زەحمەتەی کە [هەرێمی کوردستان] کێشاویانە و ئەو هەموو هەوڵەی کە داویانە. "ئەمە سێیەم ساڵە کە خزمەتی زیارەتکاران دەکرێت بەتایبەت لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە، ئەمە جێی پێزانینە و ئومێدەوارین ساڵەهای دیکە بتوانن ئەو کارە خێرییانە بکەن."
 
بە گوتەی رەشنوودی، ئەم ساڵ 75 هەزار زیارەتکار لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە تێپەڕیون. "هیوادارین پەنا بەخوا لەو چەند رۆژەی دیکە کە ماوە لە خزمەتی زیارەتکاراندا بین."
 
گوتیشی: "هەواڵێکی باش کە ئەمڕۆ دەمەوێ لێرەوە رایبگەیێنم ئەوەیە کە ئێمە بە هاوکاری دۆستمانمان لە کۆنسووڵخانەی کەربەلا و باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بە‌غدا  تێپەڕین و چووینە کەربەلا، پەنا بەخوا سبەی ئۆتۆمبێلەکان دەیانگەیێنێتە بازگەی ئەڵوەند و زیارەتکاران دەتوانن بگەڕێنەوە."
 
کۆنسووڵی ئێران، سوپاسی ئیدارەی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران و هەموو بەرپرسانی کرد. "بە دیاریکراوی زۆر سوپاسی بەڕێزان کاک مەسعود، کاک نێچیرڤان و کاک مەسرور بارزانی دەکەم بۆ ئەو خزمەتەی پێشکێشی زیارەتکارانیان کرد."
 
دواتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بە ئەزموون وەرگرتن لە ساڵانی رابردوو، ئەم ساڵ پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، کە دوو ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار زیارەتکاران لە هەرێمی کوردستانەوە چوونە مەزارگە پیرۆزەکان لە عێراق، کە رێگەیەکی زۆریان بۆ کورت دەبێتەوە.
 
ئومێد خۆشناو گوتی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران و زیارەتکاران سوپاس و ستایشی هەرێمی کوردستانیان کردووە لە بەرامبەر پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان."
 
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، "لە سۆنگەی تێڕوانینەکانی هەرێمی کوردستان لە بابەتی دۆستایەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئێران، هەروەها بۆ ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانەی سەردانی شوێنە پیرۆزەکان دەکەن، ئێمە لە هەموو جومگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ژێر راسپاردە و رێنماییەکانی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دا بووین و هەر لە یەکەم رۆژەوە فەرمانی کردووە چی پێویستە بۆ ئاسانکاریی بکرێت."
 
ئومێد خۆشناو دەڵێت: "جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکی حکومەت، بە بەردەوامی ستایشی ئەو کارەیان کردووە و ئێمەیان راسپاردووە کە خزمەتگوزارییەکانی (ئیدارە، ئاسایش و پۆلیس، تەندروستی و هەموو بابەتەکانی دیکە) پێشکێشی ئەو خۆشەویستانە [زیارەتکاران] بکرێت. بەڕێز وەزیری ناوخۆ [ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان] بە بەردەوامی چاودێریی پرۆسەکە دەکات، سوپاس بۆ خودای گەورە هیچ گرفتێک نەهاتووەتە پێش.
 
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، پرۆسەکە 20 رۆژ دەخایێنێت، لە 8ـی ئابەوە دەستیپێکردووە و لە 28ـی ئاب تەواو دەبێت.
 
رۆژی سێشەممە، عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ژمارەى ئەو زیارەتکارە بیانییانەى لە رێگەى دەروازە وشکانی و ئاسمانییەکانەوە لە 6ى ئاب تاوەکو 19ى ئاب هاتوونەتە نێو عێراق زیاتر لە دوو ملیۆن و 700 زیارەتکار بووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام دەبن لە پێشوازیکردن و بەڕێکردنى زیارەتکاران."
 
عەلائەدین قەیسی  گوتى: "هەر لەو ماوەیەدا ئەو زیارەتکارانەى گەڕاونەتەوە زیاتر لە 1 ملیۆن و 700 هەزار کەس بوون". 
 
25ـی ئاب یادى چلەى ئیمام حوسێن، سێیەم ئیمامى شیعەکانە و زیارەتکاران لە ناوەوە و دەرەوەى عێراق سەردانى شارى کەربەلا دەکەن کە مەزارگەى ئەو ئیمامەى لێیە. 
 
گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق رایگەیاند، لەگەڵ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران هاوردەکردنى خۆراک و کاڵاى دیکەش لە دەروازەکان بەردەوام دەبێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق.

وەزارەتی نەوتی عێراق: لە مانگی 11 نزیکەی 99 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری ناردنە دەرەوەی نەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ راگەیاند. بەپێی ئاماری کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کۆی گشتیی ناردنە دەرەوەی نەوتی خاو گەیشتە 98 ملیۆن و 869 هەزار و 824 بەرمیل.