لە 24 کاژێری رابردوودا لە 15 گەرمترین شوێنی جیهان 12 لە عێراق بوون


رووداو دیجیتاڵ 

لە 24 کاژێری رابردوودا لە 15 گەرمترین ناوچە و شاری جیهان، 12یان لە عێراق بوون. گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق دەڵێت، هەفتەی داهاتوو پلەی گەرما دادەبەزێت.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی ئێلدۆرادۆی تایبەت بە کەشوهەوا، لەکۆی 15 گەرمترین شار و ناوچەی جیهان، 12یان لە عێراق و دوو شوێنی دیکەیان لە ئێران و ئەوی دیکەشیان لە سعودیە بووە. 
 
ئەو ناوچە و شارانەی گەرمترین پلەی گەرمایان لە 24 کاژێری رابردوودا تێدا تۆمارکراوە ئەمانەی خوارەوە بوون:
 
1- گەڕەکی حوسێن لە بەسرە؛ 51 پلەی سیلیزی
2- ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار؛ 51 پلەی سیلیزی 
3- عەممارەی ناوەندی پارێزگای میسان؛ 50.5 پلەی سیلیزی
4- سەماوەی ناوەندی پارێزگای موسەننا؛ 49.7 پلەی سیلیزی
5- گوندی قەیسوومە لە پارێزگای حەفرل باتنی سعودیە؛ 49.4 پلەی سیلیزی 
6- فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە؛ 49.4 پلەی سیلیزی
7- شارۆچکەی رافیعی لە پارێزگای میسان؛ 49.4 پلەی سیلیزی
8- شاری عەلی غەربی لە میسان؛ 48.5 پلەی سیلیزی 
9- شاری بەدرە لە واست؛ 48.5 پلەی سیلیزی
10- شاری ئەهواز لە ئێران؛ 48.4 پلەی سیلیزی
11- ناوچەی ئەشرەف لە دیالە؛ 48.4 پلەی سیلیزی
12- شاری کوت لە پارێزگای واست؛ 48.4 پلەی سیلیزی
13- شارۆچکەی حەی لە پارێزگای واست؛ 48.4 پلەی سیلیزی
14- شاری دیوانییە لە عێراق؛ 48.1 پلەی سیلیزی
15- شاری سەفی ئاباد لە پارێزگای خوزستانی ئێران؛ 48 پلەی سیلیزی
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق بە رووداوی گوت، "پلەی گەرما لە هەفتەی رابردووەوە لە پارێزگاکانی باشووری عێراق بەزربووەتەوە و تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیەش ئەو پلە گەرمییە بەرزە بەردەوام دەبێت". 
 
عامر جابری گوتی، پێشبینی دەکەن هەفتەی داهاتوو پلەی گەرما دوو بۆ سێ پلە بەراورد بە پلەی گەرمی تۆمارکراوی ئەم هەفتەیە دابەزێت. 
 
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، تیشکی سەروو وەنەوشەییش زیادبووە. بەگوێرەی دەستەی کەشناسیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی ئاب، رادەی تیشکەکە لە 8 پارێزگای عێراق بەرز و لە ئەنباریش زۆر بەرز بووە. 
 
ئەگەر تیشکەکە لە ئاستی سێ بۆ 5 بوو، ئەو کاتە مەترسییەکی کەمی دەبێت؛ لە ئاستەکانی 6 و 7 مەترسی هەیە؛ لە 8 بۆ 10 زۆر مەترسیدار و لە 11 و بەسەرەوە زۆر زۆر مەترسیدار دەبێت، ئەگەر کەسێک راستەوخۆ تیشکی رۆژی بەربکەوێت.