بەرپرسێکی نووسینگەی سوودانی ناچار دەکرێت دەست لەکار بکێشێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی نووسینێکی"نەشیاو"، هەراسانکردن و هەڕەشەکردن لە ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتار، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کرد بەرپرسێکی نووسینگەکەی دەست لەکار بکێشێتەوە و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەشی بۆ ئەو بابەتە پێکهێنا.
 
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، سوودانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر یەکێک لەو فەرمانبەرانە پێکهێناوە کە لە نووسینگەکەی کاردەکات دوای "لەئەستۆگرتنی بڵاوکردنەوەی پۆستی دژ بە بەرپرس و پەرلەمانتاران".
 
نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، سازش لە هیچ سەرپێچییەکی یاسا ناکات و پشتیوانی لە رێکارە یاساییەکان تایبەت بەو کەیسە دەکات.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو کەسە پلەی جێگری بەرێوەبەری گشتی هەیە و خزمێکی نزیکی رائید جوحی، بەرپرسی پێشووی نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقە و دوای ئەوەی ژمارەیەک پەرلەمانتار سکاڵایان تۆمارکردووە، کەسەکە ئاشکرا بووە.
 
دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخ کە تایبەتە بە تاوانی پەیوەندیدار بە تیرۆر، ئەو کەسەی دەستگیرکردووە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ناوی ژمارەیەک کەسی دیکەشی ئاشکراکردووە کە لەگەڵیدا ئەو کارەیان کردووە.
 
19ـی ئابی 2024، پەرلەمانتار مستەفا سەند لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند، "دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخ تۆڕێکی لە کۆشکی حکومەت لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران دەستگیرکردووە و یەکێکیان محەممەد جوحییە. تۆڕەکە ژمارەیەک ئەفسەر و فەرمانبەری تێدایە و کاری خراپیان کردووە، لەوانەش سیخوڕیکردن بەسەر مۆبایلی ژمارەیەک پەرلەمانتار و سیاسەتمەدار لەسەروویانەوە مۆبایلەکەی من". 
 
بە گوتەی مستەفا سەنەد، تۆڕەکە ژمارەیەک کەسی بەکرێگرتووە بۆ داڕشتنی هەواڵی ساختە و خۆناساندن بە سیاسەتمەدار و خاوەنکار و خاوەن کەناڵەکان.
 
پەرلەمانتارەکە ناوی ژمارەیەک پەرلەمانتاریشی هێناوە کە هەواڵی ساختەیان دژ بڵاوکراوەتەوە و گوایە بەهۆی سکاڵای ئەوانەوە لیژنەی لێکۆڵینەوە گەیشتووەتە سەرەداو و تۆڕەکە دۆزراوەتەوە.