دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق بۆ رووداو: دوو ملیۆن و 700 هەزار زیارەتکار هاتوون

رووداو دیجیتاڵ

لە 14 رۆژدا زیاتر لە دوو ملیۆن و 700 هەزار زیارەتکار بۆ بەشداریکردن لە چلەى ئیمام حوسێن هاتوونەتە نێو عێراق و زیاتر لە ملیۆنێک و 700 هەزار زیارەتکاریش رۆیشتوونەتەوە.
 
عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ژمارەى ئەو زیارەتکارە بیانییانەى لە رێگەى دەروازە وشکانی و ئاسمانییەکانەوە لە 6ى ئاب تاوەکو 19ى ئاب هاتوونەتە نێو عێراق زیاتر لە دوو ملیۆن و 700 زیارەتکار بووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام دەبن لە پێشوازیکردن و بەڕێکردنى زیارەتکاران. 
 
عەلائەدین قەیسی  گوتى: "هەر لەو ماوەیەدا ئەو زیارەتکارانەى گەڕاونەتەوە زیاتر لە 1 ملیۆن و 700 هەزار کەس بوون". 
 
25ى ئاب یادى چلەى ئیمام حوسێن، سێیەم ئیمامى شیعەکانە و زیارەتکاران لە ناوەوە و دەرەوەى عێراق سەردانى شارى کەربەلا دەکەن کە مەزارگەى ئەو ئیمامەى لێیە. 
 
گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق رایگەیاند، لەگەڵ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران هاوردەکردنى خۆراک و کاڵاى دیکەش لە دەروازەکان بەردەوام دەبێت.